ئەفغانستان.. سەرانی تالیبان لە ململانێ و پاكتاوی یەكتر نزیك دەبنەوە

:: PM:06:15:15/09/2021 ‌

تا ئێستە بزووتنەوەی تالیبان درك بەوە ناكات كە دۆخەكە گۆڕاوە و ئەو هەلومەرجەی بەر لە 20 ساڵ بۆی رێك كەوت، بەتەواوەتی گۆڕاوە، دۆخی ناوخۆیی و درەكیی ئەفغانستان و تەرازووی هێز جیاوازە، ئەو سەركەوتنێكی ئاسانی سەربازی بەدەست هێنا، بەڵام وڵاتەكە لە هەموو رووەكان لە تەنگژەی سەختدایە، خەریكە ناكۆكی نێوان باڵە جیاوازەكانی بزووتنەوەكە دەردەكەون.

لە ماوەی دوایی لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هەواڵی ململانێ و ناكۆكی توند تا ئاستی رووبەڕووبوونەوە لە ناو بزووتنەوەی تالیبان بڵاو بووەوە، ئەو هەواڵە هاوكات بوو لەگەڵ ونبوون و دەرنەكەوتنی بەشێك لە فەرماندە و سەرە گەورەكانی بزووتنەوەكە، كە ئەوەیش گومانی گەورەی دروست كرد لەبارەی چارەنووسی ئەوان بەهۆی بوونی ناكۆكی گەورە لە نێوانیان، لەدوای دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەت.
بەرژەوەندی و دەستكەوتی گەورە بە دەستی سەرانی تالیبانە و ناكۆكی گەورە لە نێوانیان سەر هەڵدەدات
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"، ئاماژەی كرد كە سەرانی بزووتنەوەكە لە بۆنە گشتییەكان دەرناكەون و بە ئاسانی دیداری راگەیاندن و كۆنگرەی رۆژنامەوانی ناكەن و زۆرینەیان لە پشتەوە و بەنهێنی جموجۆڵ دەكەن، تەنانەت شوێنی مانەوەیان دیار نییە، ئەوانە وایان كردووە دەنگۆ لەسەر دۆخی تەندروستی و بوونی كێشە ناوخۆییەكان دروست بێت، بەمدوایەیش دەنگۆكان زیادیان كرد تا ئاستێك گوتەبێژەكانی بەناوی تالیبان خۆیان لەو پرسیارانە دەدزیەوە لەبارەی هەواڵی برینداربوون یان كوژرانی مەلا عەبدولغەنی برادەر، جێگری سەرۆكی حكوومەتی تالیبان، لە رووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ بەرپرسانی تۆڕی حەقانی لە كابول لە هەفتەی رابردوودا. لەوكاتەی دوایین جار ئەو لە سەرەتای ئەم مانگە لە هوتێلێكی كابول بینراوە. كەچی لە پێشوازیكردنی شاندەكەی قەتەر نەبینرا.  

لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وا بڵاو كرایەوە كە برادەر بەهۆی برینەكانی لە رووبەڕووبوونەوەیەكی چەكداری لە كۆشكی سەرۆكایەتی لەكەڵ تۆڕی حەقانی گیانی لەدەست داوە، هەرچی ئاخونزادەی سەرۆكی بزووتنەوەكەیە، بەرپرسانی تالیبان باسی ئەوەیان كرد كە بەمنزیكانە دەردەكەوێت، بەڵام دەرنەكەوت، بۆیە دەنگۆكان لەسەر نەخۆشكەوتن یان مردنی دەركەوتن، وەك تۆڕی "سی ئێن ئێن"، بڵاوی كردەوە.

لای خۆیەوە تۆڕی هەواڵی "بی بی سی"، لە بەرپرسانی باڵای تالیبانی گواستەوە كە بەهۆی پێكهاتەی حكوومەتی نوێی تالیبان، ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان سەرانی بزووتنەوەكە دروست بووە، كاتێك دەمەقاڵی كەوتووەتە نێوان مەلا عەبدولغەنی برادەر و خەلیل رەحمان حەقانی، وەزیری كاروباری كۆچبەران و سەركردەیەكی دیاری تۆڕی حەقانی لە كۆشكی سەرۆكایەتی لە هەفتەی رابردوو، ئەوان دەمەقاڵیان كردووە و پاسەوانەكانیشیان لە دەرەوە بەشەڕ هاتوون، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی برادەر بە پێكهاتەی حكوومەتەكە رازی نییە، هەروەها دیاریكردنی هۆكاری سەركەوتنی تالیبان، كاتێك برادەر هۆكارەكەی بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەكان گەڕاندووەتەوە و سەرانی حەقانیش بۆ جەنگی چەند ساڵەیان. 

رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی دەڵێت، دوو فەرماندەی باڵای تالیبان دیار نەماون، بۆیە گومانێك دروست بووە بەوەی رابەری گشتی گرووپەكە و جێگری سەرۆك وەزیرانی تالیبان لە ژیاندا مابن، تۆڕی شرۆڤەكارانی ئەفغانستان ئاماژە دەكات كە دەرنەكەوتنی ئاخونزادە دوای دوو مانگ لە كەوتنی كابول، ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ژیاندا نەماوە، لەوكاتەی بەم دواییە تالیبان رای گەیاند كە برادەر نەكوژراوە و لە گەشتە، ئەوە لەوكاتەی پێشتر بۆ ماوەی دوو ساڵ مردنی مەلا عومەر، سەركردەی تالیبان لەلایەن بەرپرسانی بزووتنەوەكە شاردرابووەوە و بە بەردەوام بەیاننامە بەناوی ئەوەوە دەردەكرا. 

لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئاخۆ ناكۆكی و ململانێی نێوان سەرانی بزووتنەوەكە و پاكتاوی یەكتر دەستی پێ كردووە؟، بەتایبەتی بۆ سەرانی سیاسی لەلایەن فەرماندە توندڕۆكانەوە، ئەوە لەوكاتەی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكی لە دێڤید كۆهێن، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی ناوەندی هەواڵگری ئەمەریكای گواستەوە كە تێبینی ئاماژەیان كردووە لەسەر گەڕانەوەی جموجۆڵی رێكخراوی قاعیدە لە ئەفغانستان، بەڵام ئەوە سەرەتایە و چاودێری دۆخەكە دەكەین، هاوكات بە پێی پێشبینی هەواڵگری ئەمەریكا قاعیدە پێویستی بە ساڵێك یان دوو ساڵ هەیە بۆ خۆرێكخستنەوە و دروستكردنەوەی هەڕەشە لەسەر ئەمەریكا.

بەشێك لە راپۆرتەكان دەڵێن، دوای ئەوەی لە نێوان عەبدولغەنی برادەر و وەزیرەكەی حەقانی رووی دا، برادەر كابولی بەرەو قەندەهار جێهێشتووە و ناكۆكییەكانیان چارەسەر نەكراوە، بۆیە كارەكانی حكوومەت پەكیان كەوتووە، دوای ئەوە برادەر بە تەواوەتی لە ناوەندەكانی گشتی و كۆبوونەوە و دیدارەكانی راگەویاندن ون بووە، لەناو دەنگۆی نادیاری چارەنووسی.

ئێستە تالیبان، بەتایبەتی دوای پێكهێنانی حكوومەتەكەی، بە قۆناغێكی سەختی ململانێی ناوخۆیی تێپەڕ دەبێت، كاتێك سەرانی ناوخۆیی بزووتنەوەكە وای دەبینن پێویستە زۆرینەی پۆستەكان بۆ ئەوان بێت، كەچی سەرانی هاتوو لە دەرەوەی ئەفغانستان، پێیان وایە ئەوانەی ناوخۆی شایسەی فەرمانڕەوایەتی و مامەڵەكردن لەگەڵ دنیای دەرەوە نین و ئەو سەردەمە تایبەتە، بۆیە دەستكەوتەكان لەناو دەبەن.

نەجمی بەهزادی، توێژەری ئەفغانستانی دەڵێت، وەك هەر رێكخستنێكی تری سیاسی، پێكهاتەی ماڵباتەیی لەناو سەرانی تالیباندا هەیە، وەك ماڵباتی مەلا عومەری دامەزرێنەری بزووتنەوەكە كە كۆنترۆلی كایە سەرەكییەكانی حكوومەتی نوێ دەكەن، مەلا عەبدولغەنی برادەر، مێردی خوشكی مەلا عومەر و هاوڕێی نزیكی مەلا هیبەتوڵا ئاخونزادەی سەركردەی تالیبانە، مەولەوی یەعقووبی كوڕی مەلا عومەریش، وەزیری بەرگری و بەرپرسی چەكەكانی تالیبانە، لە بەرانبەردا ماڵباتی حەقانی خۆیان بە هاوبەشی لە سەركردایەتی تالیبان دەزانن، كاتێك سیراجەدین حەقانی، وەزیری ناوخۆی تالیبان كوڕی دامەزرێنەری تۆڕی حەقانییە و خەلیل حەقانیش وەزیری كۆچبەرانە.

بەهزادی دووپاتی كردەوە كە قۆناغی داهاتوو بە هاوشێوەی ساڵانی جەنگ و رابردوو نییە، ئێستە تۆڕێكی فرەوانی بەرژەوەندی و پۆست و دەستكەوت لەژێر دەستی تالیبانە، لەوكاتەی دامەزراوەی دیار و یاسای روونیان نییە بۆ كۆنترۆلكردن و رێكخستنی پێوەندییەكانیان، بۆیە پێوەندی ماڵباتی و كەسی دێتە پێشەوە و ناكۆكی گەورە لە نێوان ئەوان سەرهەڵدەدات.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل