ئەمەریكا تابلۆیەكی شوێنەواریی زۆر گرنگ بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە

:: AM:11:01:21/09/2021 ‌
بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو رێكخراوی یۆنسكۆ، ئاهەنگێك بەبۆنەی گەڕاندنەوەی تابلۆیەكی شوێنەواری لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ عێراق ساز بكات. ئەو ئاهەنگە لە پەیمانگەی سمیچۆنیان لە واشنتن بەڕێوە دەچێت.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 21ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، بەبۆنەی گەڕاندنەوەی تابلۆیەكی شوێنەواری لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ عێراق، تابلۆكە بەناوی "تابلۆی گلگامش" و مێژووەكەی بۆ سێ هەزار و 500 ساڵ بەرلە ئێستە دەگەڕێتەوە، ئەو تابلۆیە ناوێكی تریشی هەیە و پێی دەڵێن "خەونی گلگامش".

پێگەكە ئاماژەی داوە، لە دوای هێرشی هاوپەیمانان لە ساڵی 1991 بۆ سەر عێراق و هاوكات لە 2003دا رووخاندنی رژێمی عێراق، هەزاران پارچە شوێنەواریی ئەو وڵاتە تاڵان كران، پێشتریش لەلایەن ئەمەریكا هەزاران پارچە دراونەتەوە بە عێراق، لە مانگی تەمووزی رابردوویش 17 هەزار پارچەی تری شوێنەواریش بۆ عێراق لەلایەن ئەمەریكاوە گەڕاونەتەوە.

ئەو تابلۆیەی "خەونی گلگامش" كە بە تابلۆیەكی شوێنەواریی زۆر گرنگ هەژمار دەكرێ، پێشتر لە مۆزەخانەی عێراق لە 1991دا دزراوە، لە 2007دا چووەتە بازاڕی هونەریی ئەمەریكا، بەڵام لە ساڵی 2019دا لەلایەن وەزارەتی دادی ئەمەریكاوە دەستی بەسەردا گیراوە كە ئێستە بڕیاری گەڕاندنەوەی بۆ عێراق دراوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د