چاكسازی و ئاودانكردنەوە وایكرد ژمارەی كورسییەكانی پارتی زیاد بكات

:: PM:02:12:21/10/2021 ‌
لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پارتی دیموكراتی كوردستان توانی بە حزبی ژمارە یەكی كوردستان بمێنێتەوە، تەنانەت هەشت كورسیی تر بە كورسییەكانی زیاد بكات و بیگەیەنێتە 33 كورسی، مامۆستایانی زانكۆ و پسپۆڕانی ئابووری، فاكتەری سەركەوتنی پارتی بۆ ئەو چاكسازییانەی حكوومەت و پەرەپێدانی ئاوەدانكردنەوە لە كوردستان دەگەڕێننەوە.

خالید حەیدەر پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای ئابووری زانكۆی سلێمانی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، چاكسازی لە هەموو سیكتەرەكان دەبێ ئەنجام بدرێت، خەرجی كەم بكرێتەوە و هاوسەنگی دروست ببێت لە نێوان خەرجی و داهات. بۆ ئەو مەبەستە حكوومەت كۆمەڵێك هەنگاوی باشی ناوە، بەشێك لە فەرمانبەران لە فەرمانگەكان زیادەن كە لە زانستی ئابووری بە بێكاریی شاراوە ناسراوە. پێویستە راژەیەكی بۆ دامەزراوەكانی تر بگوازرێتەوە، كاتێك حزب لە حكوومەتدا چاكسازی دەكات لە ڕێی ئەو كادرانەی رەوانەی كردوون، متمانەی هاووڵاتییان بەدەست دەهێنێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دووبارە دەنگەكانی زیاد دەكات و ئەمەش لە هەموو دنیا و وڵاتانی دیموكراتیك باوە.
خەڵك متمانەیان بەوە هەیە كە ئەو حزبە دۆخی ئابووری باشتر بكات.


ئەو روونی كردەوە، كاتێك خەڵك چاودێری حزب دەكات لە ماوەی چوار ساڵی حوكمڕانی، هەڵسەنگاندن بۆ كارەكانی حكوومەت دەكات، ئەگەر شێوازی كاری نوێنەرانی حزب لە پەرلەمان و حكوومەت باش بوو، جارێكی تر زیاتر دەنگی پێ دەدەنەوە. پارتی دەنگ و كورسیی زیاتری هێناوە و كادرەكانی لە حكوومەت كاری باشیان كردووە، خەڵك متمانەیان بەوە هەیە كە ئەو حزبە دۆخی ئابووری باشتر بكات.

 دكتۆر خالید حەیدەر بە پێویستی دەزانێت، تا هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان پارتی وەك پێكهێنەری حكوومەت، هەوڵ بدات متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی بایكۆتی هەڵبژاردنیان كردبوو و ئاشتیان بكاتەوە لە ڕێی كۆمەڵێك هەنگاوی زانستی و ئابووری، ژیانی خەڵكی باش بكات، لەو كاتەشدا بە دڵنیاییەوە خەڵك دەڕۆنە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگ بە پارتی دەدەن.

هاوكات چواس حوسێن مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، خەڵكی كوردستان دەزانن پارتی دەیانپارێزێت، خەڵك دەبینن پارتی تاكە هێزێكە بەرەنگارییان لێ دەكات و مافیان دەپارێزێت، هاووڵاتییانی كوردستانیش كوردپەروەرن و شۆڕشگێڕن و خەباتیان كردووە.

دەبینن ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاسایش و خزمەتگوزاری هەیە، متمانەی پێ دەدەن


ئەو دەڵێت، "خەڵك داگیركەر دەبینن و دەزانن چۆن ستەم لە وڵاتەكەمان دەكات، دەبینن كەركووك چوار ساڵە داگیر كراوە و هیچ خزمەتگوزارییەكی نییە و پێشكەوتنی سفر بووەتەوە، بەڵام كاتێك سەیری هەولێر دەكەن و دەبینن ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاسایش و خزمەتگوزاری هەیە، متمانەی پێ دەدەن."

رۆژی 10ی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، لە هەرێمی كوردستان هاوكێشەی سیاسی و جەماوەری گۆڕا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە 33 كورسی، توانی یەكەمییەكەی خۆی بەهێزتر بكات. لە عێراقیشدا رەوتی سەدر ژمارەی پێوانەیی شیعەی شكاند و 72 كورسیی مسۆگەر كرد.

هەڵبژاردنەكە لە ڕووی تەكنیكییەوە دەسكەوتێكی گەورە بوو بۆ كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و بە پاكترین هەڵبژاردنیش دادەنرێ، بەهۆی ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێردەی چاودێری ئەوروپا، تێبینیی رژدیان لەسەری نەبوو.
 
هەڵەبجە / عەزیز هەورامی




وشە - سلێمان تاشان