نێچیرڤان بارزانی‌: تا ئێسته‌ خه‌ڵكی‌ عێراق كه‌مترین خزمه‌تگوزاریان هه‌یه‌

:: PM:04:40:26/10/2021 ‌
نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ دیداری‌ مێری‌ له‌ هه‌ولێر رای‌ گه‌یاند، ده‌كرێ‌ بڵێین ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ به‌راورد به‌ رابردوو باشترین هه‌ڵبژاردن بووه‌ و ئێسته‌ خه‌ڵك بۆ داواكاری‌ خۆیان زۆر رژدن.

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 26ی‌ ئۆكتۆبه‌ر، نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌شداری‌ له‌ دیداری‌ مێری‌ كرد و رای‌ گه‌یاند، ئێسته‌ خه‌ڵك له‌سه‌ر داواكارییه‌كانیان زۆر رژدن و له‌ عێراق بابه‌تی‌ هاووڵاتیبوون وه‌ك پێویست نییه‌ و هیچ حه‌قێك به‌ هاووڵاتییان نه‌دراوه‌ كه‌ شایسته‌ی‌ ژیانێكی‌ باشترن.

سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ڵبژاردنی‌ به‌ باش پێناسه‌ كرد و گوتی‌، خه‌ڵك له‌ هه‌ڵبژاردن متمانه‌ به‌ لایه‌نه‌كان ده‌دات، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ تا ئێسته‌ خه‌ڵكی‌ عێراق كه‌مترین خزمه‌تگوزاریان هه‌یه‌ و ئه‌وانه‌ی‌ دوای‌ 2000 له‌ دایكبوون عێراق به‌راورد به‌ وڵاتی‌ تر ده‌كه‌ن و نازانن پێشتر چی‌ ڕوویداوه‌ و چاوه‌ڕوانی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ده‌كه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رنجی‌ خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چه‌تری‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان ده‌بێت و داواكاری‌ كوردستان له‌ عێراق زۆر روونه‌ كه‌ جێبه‌جێكردنی‌ ده‌ستووره‌، بۆیه‌ ئه‌مڕۆیش ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌رێ‌ ده‌ستوور جێبه‌جێ‌ كراوه‌؟ بێگومان نه‌خێر كه‌ ئه‌وه‌ به‌ مه‌ترسیی ده‌زانین و سه‌قامگیری‌ به‌دی‌ ناهێنێ‌.

 





وشە - سه‌رخێڵ هاشم