مەلالە شووی كرد

:: AM:09:52:10/11/2021 ‌

"مەلالە یوسف زای" كە هەڵگری نۆبڵی ئاشتییە و بە چالاكێكی ناوداری دنیا هەژمار دەكرێت و رزگاربووی دەستی بزووتنەوەی تاڵیبانە، لەرێی "تویتەر"ەوە رای گەیاند كە لە بەریتانیا هاوسەرگیریی لەگەڵ پاكستانییەك كردووە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 10ی تشرینی دووەم، هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بە تویتەكەی مەلالە كردووە كە دوێنێ لەگەڵ كوڕێكی پاكستانی هاوسەرگیریی كردووە. بۆ ئەوەیش چوار وێنەی خۆی و زاواكەی بڵاو كردووەتەوە.

مەلالە یوسف زای لە ساڵی 1997 لە دایك بووە، لە 2012دا دیلی دەستی تاڵیبانی پاكستان بوو، ئەوكات تەمەنی تەنیا 15 ساڵ بوو، جیا لە ئەشكەنجەیەكی زۆر و دەستدرێژیی لەلایەن ئەو رێكخراوە، لە فیشەكبارانی ئەو رێكخراوە رزگاری بووە، دواتر وەك پەنابەر گەیشتە بەریتانیا و ئێستە لەوێ دەژی. 
مەلالە بە بچووكترین كەس هەژمار دەكرێ كە "نۆبڵی ئاشتیی" وەرگرتبێت لە تەمەنی 17 ساڵی. بە چالاكێكی كاریگەریی داكۆكیكردن لە مافەكانی ژن لە دنیادا ناو دەبرێت.

مەلالە لە تویتەر لەبارەی هاوسەرگیرییەكەی نووسیویەتی، "ئەمڕۆ رۆژێكی زۆر گرنگە لە ژیانم، من و ئاسر بڕیاری هاوسەرگیریمان دا و تا سەر پێكەوە بین". لەگەڵیدا چوار وێنەی ئاهەنگەیشی بڵاو كردووەتەوە.
بەڵام لەبارەی هاوسەرەكەی تەنیا ناوی هاوسەری نووسیوە و زانیاریی تری نەدركاندووە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د