كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ناو بازاڕی زه‌ڕایه‌ن، هاووڵاتییه‌ك به ناوی سۆران حه‌مه‌خان كه خه‌ڵكی زه‌ڕایه‌نه، به‌هۆی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه به ده‌ستڕێژی گوله كوژرا و ده‌ستبه‌جێ گیانی له ده‌ست دا.
كه‌مال ئه‌حمه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید ره‌ئووف به‌گ له شاره‌زوور، به "وشه"ی راگه‌یاند، كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر هاووڵاتییه‌ك به ناوی سۆران حه‌مه‌خان گه‌یه‌نرایه نه‌خۆشخانه كه ئاسەوارى چوار گوله‌ی پێوه دیار بوو و ته‌مه‌نی نزیكه‌ی 50 ساڵ ده‌بوو.
زیاتر گوتی، ئه‌و هاووڵاتییه هه‌ر له رێدا تا گه‌یه‌نرابووه نه‌خۆشخانه‌كه گیانی له ده‌ست دابوو، بۆیه ده‌ستبه‌جێ دوای رێكاره‌كان ته‌رمه‌كه ره‌وانه‌ی پزیشكی دادی سلێمانی كرا بۆ توێكاری.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" سۆران خه‌ڵكی گوندی كانی میلی سه‌ر به زه‌ڕایه‌نه و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌بووه له‌نێوان بنه‌ماڵه‌یه‌كی ئه‌و گونده‌دا و له ساڵی ڕابردووش به‌هه‌مان شێوه بكوژ برایه‌كی تری سۆران ده‌كوژێت و ئه‌مڕۆش سۆرانی له‌ناو بازاڕی زه‌ڕایه‌ن به چوار گوله كوشت.
زه‌ڕایه‌ن/ ئاسان محه‌مه‌د