پەنیر و سابوونی شیری كەر باشترینن

:: PM:04:27:28/11/2021 ‌

شیری كەر لە چەندان وڵاتی دنیا بۆ مەبەستی جیاجیا بەكاردێت، بەتایبەتی لە ئەوروپا، ئەوان وەك شیری وشككراوە و پێكهاتەیەكی سەرەكی لە هەندێك جۆری شوكولاتە بەكاری دێنن، بۆ نموونە لە ئیتاڵیا دەچێتە پێكهاتەی شیری منداڵ و خۆراكی تەندروست، پەنیری كەر گرانبەهاترین جۆری پەنیرە، جیا لە سابوونی شیری كەر كە چەندان سوودی هەیە.

رۆژنامەی "بزنس ئینسایدەر"، لە سلۆبۆدان سیمیچ، بەرهەمهێنەری پەنیرەكە دەگوازێتەوە، پەنیری سپی كەر نەك تەنیا چێژی هەیە، ئەو سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە، كێشەكەی ئەوەیە نرخەكەی گرانە و نرخی یەك كیلۆگرامی دەگاتە هەزار یۆرۆ (1130 دۆلار)، بۆیە دەكرێ بە گرانبەهاترین جۆری پەنیر لە دنیا دابنرێت.

پێكهاتەی شیری كەر بۆ هەر 100 مل بریتییە لە، 49 كالیۆری و دوو گرام پرۆتین و شەش گرام كاربۆهیدرات و دوو گرام چەوری و 3%ی بەهای رۆژانە كۆلیسترۆل و 23% ڤیتامین دی و 7% كالیسیۆم، وەك ماڵپەڕی "هیڵس لاین"، باسی كردووە.
نرخی یەك كیلۆگرام پەنیر دەگاتە 1130 دۆلار و سابوونێكیش 11 دۆلار
هەرچی سابوونی شیری كەرە بە چەندان جۆری ڤیتامین و گیراوە دەوڵەمەندە كە سوودی گرنگیان هەیە، بەتایبەتی بۆ پێست، لە سوودەكانی هانی نوێبوونەوەی خانەكانی پێست و كەمكردنەوەی دەركەوتنی لۆچ و هیڵی ورد و هێوركردنەوەی هەوكردنی زیپكەی گەنجی و ئەكزیما دەدات، جیا لە شێداركردنی پێستی وشك.

وەك ماڵپەڕی " The Youthist"ی تایبەت بە گرنگیدان بە پێست ئاماژەی كردووە، شیری كەر لە پرۆتین و ڤیتامینەكانی ئی و ئەی و بی1 و بی6 و سی و دی و ئۆمێگا3 دەوڵەمەندە، هەر لیترێكی 30 دانە سابوونی لێ دروست دەكرێت و رۆنی زەیتوون و بادام و جوێزی هیندی تێكەڵ دەكرێت، نرخی هەر دانە سابوونێكی دەگاتە 11 دۆلار. 

سابوونی شیری كەر بە دژەئۆكسێنەر دەوڵەمەندە و رەنگی پێست گەشاوەتر دەكات، شێداركەرەوەیەكی بەهێزی پێستە و هەوكردنی پێستی چەور كەم دەكاتەوە، ورووژانی پێست كەم دەكاتەوە و شانە تێكچووەكانی چاك دەكاتەوە و لە بەكتریای پێست دەیپارێزێت، پێست توندتر دەكات و كاریگەریی پیری و لۆچ كەم دەكاتەوە، چارەسەری زیپكەی گەنجی و ئەكزیما و سەدەفییە و هەستیاری پێست دەكات.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل