حەبێكی دژە كۆرۆنا لە ئەمەریكا مۆڵەتی فەرمیی وەرگرت

:: PM:01:11:01/12/2021 ‌
لیژنەی پسپۆرانی تەندروستییە سەربەخۆكان كە لەلایەن حكوومەتی ئەمەریكاوە هاتووەتە دامەزراندن، مۆڵەتی فەرمیی بەخشییە حەبێكی دژە كۆرۆنا، لە ئێستە بەدواوە رێ بە بڵاوبوونەوەی دەدرێ.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ چوارشەم یەكی كانوونی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیای "مێرك" كە بەرهەمهێنەری حەبەكەیە، دوای ئەوەی لە چەندان نەخۆش تاقی كراوەتەوە، لیژنەی پسپۆرانی تەندروستییە سەربەخۆكان، بە فەرمی مۆڵەتی بەخشییە ئەو حەبە كە كاریگەریی 90%ـە.

ئەو لیژنەیە بە دەنگدان مۆڵەتی بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی حەبەكەی داوە، 13 ئەندامی لیژنەكە بە بەڵێ دەنگیان پێ داوە و 10 ئەندامی تریش بە نەخێر. مۆڵەتی بەكارهێنانی ئەو حەبە بە جۆرێكە كە پێویست بەوە ناكات بۆ مۆڵەت بچێتە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی.

كۆمپانیای "مێرك" كە حەبەكەی بەرهەم هێناوە، لە ژێر ناوی "مۆڵنۆبیرافیر"ـە، پسپۆران پێیان وایە باشترین چارەسەری خێرایە بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، چونكە نەخۆش بەبێ ئەوەی بچێتە نەخۆشخانە، دەتوانێ لە ماڵەكەی خۆیەوە بەكاری بهێنێ.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د