هۆكارەكانی پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان ئاشكرا دەكرێن

:: AM:10:02:04/12/2021 ‌
چەند ڕۆژێكە داعش هێرش دەكاتە سەر پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان لە ناوچە جیاجیاكان، ئەم هێرشانەش چەندان شەهید و برینداری لێ كەوتووەتەوە، شارەزایان هۆكارەكانی پەلامار و هێرشەكانی داعش ئاشكرا دەكەن و پێیان وایە، دەستی دەرەكی لە دژی كورد دەستی بە یارمەتیدانی داعش كردووە.

لیوا محەمەد سابیر شارەزای كاروباری سەربازی و تەناهی، بە "وشە"ی گوت، چەندان هۆكار هەن كە وایانكردووە داعش سەرهەڵبداتەوە و پەلامار بدات و بەهێز ببێتەوە، لەوانە ناكۆكییەكانی هێز و لایەنەكان لە عێراق، بەشێك لە حزبەكان لە ئەنجامی هەڵبژاردن ڕازی نین و تانە لە ئەنجامەكان دەدەن، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی هەر لایەنێك بۆ خۆی پشێوی دروست بكات.

دەیانەوێ هەژموونی خۆیان بسەپێنن و كوردستان نائارام بكەن


ئەو گوتی، هەوڵ و پیلانێكی زۆر هەیە لەلایەن وڵاتانی دەوروبەر و دەیانەوێ هەژموونی خۆیان بسەپێنن و كوردستان نائارام بكەن، هاوكات دەیانەوێ ئەو پەیامەش بگەیەنن بە كوردستان، ئەگەر بیانەوێ هەموو كارێك و هەموو شتێك دەكەن.

لێدان و پەلاماری پێشمەرگە هەستیارترین شتە بۆ كورد، چونكە پێشمەرگە بڕبڕەی پشتی كوردە، پیرۆزترین هێزە و پەلاماردانیان زەنگێكی مەترسیدارە بۆ كورد و كوردستان.

 بەگوتەی ئەم شارەزا سەربازییە، كەمتەرخەمی هەیە لە وەزارەت لە هێزەكان، جگە لەمە هێزی پێشمەرگە یەكگرتوو نییە و كاتێك هێزەكان حزبی بن و شەڕی بەرژەوەندی حزبی بكەن، دۆخەكە مەترسیدارتر دەبێت.

ئەو پێی وایە فەرماندەكان شارەزا و قاڵ نین  لە كار و پیشەكەیان، گوێڕایەڵی و سۆزیان بۆ حزبە نەك نیشتمان، بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەرچی زووە لەڕووی چەك، خەندەق، ئیدارە، جلوبەرگ و پرسی نیشتمانپەروەری كاری ڕژد بكرێت، لە هەموو ئەم بوارانەدا برەوی پێ بدرێت.

هاوكات دكتۆر عومەر ڕەنگینەیی مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، سەرھەڵدانەوەی داعش پیلانێكی نوێیە بۆ لێدانی ھەرێمی كوردستان و بچووككردنەوەی ھەرێم. ئەوەی روو دەدات پشتیوانی هێزە شۆڤێنییەكانە لە پاشماوەكانی داعش لە دژی كوردستان.

ئەو دەڵێت، "وا بڕوات زیانی زیاترمان پێ دەگات، پێویستە زۆر بە رژدی  كار لەسەر ڕێكخستنەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە بكرێت و تۆكمە بكرێت، لە ھەمان كاتدا بەرەی ناوخۆ تۆكمە بكرێ و ھێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ بكرێنە ھێزی نیشتمانی. دوژمنانی میلەتەكەمان ھەمیشە دەرفەت لە ناكۆكی ناوخۆ وەردەگرن، چیتر ناكرێ ئێمە چاوەڕێی مەرحەمەتی حكوومەتی عێراق و ھاوپەیمانان بین، پێویستە خۆمان حەكیمی خۆمان بین و دوژمنەكانمان بناسین، ڕووبەڕوویان ببینەوە، نابێت ئەم ڕەوشە نالەبارە قبووڵ بكرێت."

لەلایەكی ترەوە محەمەد مەحموود شارەزای ئیسلامی سیاسی، بە "وشە"ی گوت، هۆكاری سەرهەڵدانەوەی داعش، بەشێكی پێوەندی بە ستەمی لایەنە شیعەكانە لە ناوچە سوننەكان، وایكردووە خەڵكێك یاخی ببن و بچنە پاڵ داعش. هۆكارێكی تر بوونی هزری توندئاژۆیی و برەودانە پێی، كتێبی بەلێشاوی كەسایەتییە ئاینییە توندئاژۆكان كە هیچ سانسۆرێكی لەسەر نییە، لە كتێبخانەكاندا هەن و خواستێكی زۆریان لەسەرە، ئەمەش وا دەكات كە گەنج سەرگەردان ببن و و فریو بدرێن.

بوونی بۆشایی تەناهی زیانێكی زۆری لە پێشمەرگە داوە


ئەو داوا دەكات لە قوتابخانەكان دژی توندئاژۆیی ئاینی و جەنگ، منداڵەكان هەر لە سەرەتاوە ئەو بیرە رەت بكەنەوە. جگە لەمە بوونی بۆشایی تەناهی زیانێكی زۆری لە پێشمەرگە داوە، ئەمەش رێ خۆش دەكات بۆ سەرهەڵدانی داعش، لەلایەن خەڵك و هێزە عێراقییەكانی ئەو ناوچەیە ئاسانكارییان بۆ دەكرێت.

جێی باسە شەوی دوو لەسەر سێی كانوونی یەكەم، تیرۆریستانی داعش لە دامێنی چیای قەرەچووغ، پەلاماری چەند ماڵێكی گوندی خدر جیجەیان دا، لەم پەلامارە وەحشیگەرییانەدا، 10 هاووڵاتیی سڤیل و پێشمەرگە شەهید بوون. هێزەكانی پێشمەرگە هەرزوو كەوتنە راوەدوونانی تیرۆریستان، ئۆپراسیۆنێكی بەرفراوانیان لە ناوچەكەدا دەست پێ كردووە .

سلێمانی/ئاسان محەمەد


وشە - سلێمان تاشان