حەشدی شەعبی لەو هێرشە تیرۆریستییانە بەرپرسیارە كە دەكرێنە سەر پێشمەرگە

:: PM:12:00:04/12/2021 ‌
لە ساڵی 2014 تا پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پێشمەرگە بە تەواوی تیرۆریستانی داعشی راماڵی و لە ناوچە جێناكۆكەكان دووری خستەوە، بگرە لەو ناوچانەش كە لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقی بوون، هاوكاری سوپای دەكرد بۆ راوەدوونان و دەركردنی چەكدارانی داعش، زۆربەشیان بەرەو سووریا و شام هەڵاتن، بەڵام لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە لەلایەن میلیشیاكانەوە، جارێكی تر داعش هەستاوەتەوە، بۆیە حەشدی شەعبی لەو هێرشە تیرۆریستییانە بەرپرسیارە كە دەكرێنە سەر پێشمەرگە.

میلیشیاكان كەمتەرخەمن و بگرە زۆرجاریش خۆیان یارمەتیدەر و هاوكار و رێخۆشكەرن، بۆ ئەوەی داعش كار و چالاكییەكانی خۆی ئەنجام بدات، لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی میلیشیاكان و حەشدی شەعبی، هەر شەوە و پەلاماری ناوچەیەك و گوندێك دەدات و ئەوانیش سەرەڕای چەكی پێشكەوتوو، دەستەوەستانن لە بەرانبەریان و ناتوانن رێگرییان لێ بكەن.
گوایە حەشدی شەعبی ئەو ناوچانە بەڕێوە دەبات و دەیانپارێزێت، كەچی بوونەتە پەناگەی چەكدارانی داعش

لیوا حەمەڕێگر فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگە لە كەركووك، بە "وشە"ی راگەیاند، لە دوای كشانەوەی پێشمەرگە بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، گوایە حەشدی شەعبی ئەو ناوچانە بەڕێوە دەبات و دەیانپارێزێت، كەچی بوونەتە پەناگەی چەكدارانی داعش، شانە نوستووەكانی داعش هەموویان لەو ناوچانە خۆیان رێكخستووەتەوە، پێشتر دەیانگوت شانەی نوستوو، بەڵام ئێستە بە ئاشكرا بوونەتە مەترسی.

ئەو هەروەها گوتی، لە ژێر دەسەڵاتی حەشد و هێزەكانی تر، داعش بە ئارەزووی خۆی تەراتێن دەكات و دێن و دەچن و بە بەرچاوی ئەوانەوە بە ماتۆڕ كار و چالاكی خۆیان دەكەن، ئەوانیش تەنیا سەیریان دەكەن و دەستەوەستانن لە بەرانبەریان، ئەمە ئەگەر كار و رێككەوتنی خۆیان نەبێت ئەی چییە، داعش لەو ناوچانە هەموو شتێكیان هەیە، هەر لە پارەوە بگرە تا دەگاتە چەك و ئۆتۆمبێل و مۆڵەت.

بەرپرسەكەی پێشمەرگە باسی لەوەش كرد، ئەوانە بە رۆژ حەشدی شەعبین، بە شەویش داعشن و هێرش دەكەنە سەر پێشمەرگە، پێشمەرگە بووەتە قوربانی نەزانی و كەمتەرخەمی ئەو میلیشیایانە، تا پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، حەشد هیچی پێ ناكرێت و داعشیش كارەكانی خۆی بە ئاسانی دەكات.

ماوەیەكە چەكدارانی داعش لە سنووری كوڵەجۆ و مەخموور، كۆمەڵێك هێرشیان كردووەتە سەر هێزی پێشمەرگە و بەهۆیەوە ژمارەیەك پێشمەرگە و كەسانی سڤیل بوونەتە قوربانی، ئەمەش بووەتە جێی تێڕامان كە داعش ئێستە خۆی رێكخستووەتەوە و چالاكییەكانی فراوانتر كردووە، هێزە عێراقییەكانیش بێدەنگن لە بەرانبەر ئەو تاوانانە.

هاوكات سەردار مالوومەیی فەرماندەی پێشمەرگە، بە "وشە"ی راگەیاند، هێرشەكانی داعش دەستی وڵاتێكی دەرەكی تێدایە، ئەوان بە بەرچاوی هێزە عێراقییەكان و میلیشیاكان و حەشدی شەعبی، هێرش دەكەنە سەر هێزی پێشمەرگە و پێشمەرگە دەبێتە قوربانی، ئەمە جارێك و دووان و سێیان نییە، لەمساڵدا چەندان هێرشی داعش بۆ پێشمەرگە ئەنجام درا، ئەمەی كرا حەشد و هێزەكانی تر لێی بەرپرسن.

ئەو روونی كردەوە، ناكرێ داعش بەسەر میلیشیاكاندا باز بدات و بێت هێرش بكاتە سەر پێشمەرگە، ئەگەر بەو جۆرە نەبێت، داعش هیچ كات ناتوانێ بەرانبەر هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوەستێت، تا پێش 16ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە ئەوەی بۆ هەموو وڵاتان سەلماند كە چۆن داعشی وەستاند، كەچی ئێستە هەموو كارئاسانییەكیان بۆ دەكرێت تا هێرش بكەنە سەر پێشمەرگە، داعش بەناو سەنگەرەكانی سوپا و حەشدەوە دێن و بە ماتۆڕ و ئۆتۆمبێل هێرش دەكەنە سەر پێشمەرگە.

چارەسەری ئەو ناوچانە تەنیا ئەوەیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە


ناسر هەركی ئەندامی پێشووی لیژنەی بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە "وشە"ی راگەیاند، حەشد و هێزەكانی تر كە ئەو ناوچانە بەڕێوە دەبەن، هۆكارن بۆ هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، چارەسەری ئەو ناوچانە تەنیا ئەوەیە پێشمەرگە بگەڕێتەوە و هیچ بۆشاییەكی تەناهی لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان نەمێنێت، داعش بەو جۆرە زەفەر بە پێشمەرگە دەبات و هێزە عێراقییەكانیش بەو جۆرەن كە دەبینرێن.

درەنگانی شەوی پێنجشەم لەسەر هەینی ڕابردوو، تیرۆریستانی داعش پەلاماری گوندی خدر جیجەیان دا، لە ئاكامدا سێ كوڕی موختاری گوند و دوو پێشمەرگە شەهید بوون و دوو ژنیش بریندار بوون، دواتریش بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێڵێكی هێزی پێشمەرگەدا تەقیوەتەوە و حەوت پێشمەرگەی تر شەهید بوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - سلێمان تاشان