سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی فینلەندا دەكات

:: PM:12:18:05/12/2021 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماتی لاسیلا باڵوێزی فینلەندا لە عێراق كرد، مەسروور بارزانی سوپاسی فینلەندای كرد كە هاوكاری پێشمەرگە بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی كانوونی یەكەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ماتی لاسیلا باڵوێزی فینلەندا لە عێراق كرد، لە دیدارەكەدا بارودۆخی گشتیی عێراق و پەرەپێدانی پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و فینلەندا تاوتوێ كران. 

سەرۆكی حكوومەت، سوپاسی فینلەندای كرد كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە بەتایبەتی لە بواری مەشق و ڕاهێنانی سەربازی، دووپاتیشی لە گرنگیی چڕكردنەوەی هاوئاهەنگی و هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی كردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم. 

باڵوێزی فینلەندا وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی ئەرێنیی ڕەوەندی كوردستانی لە فینلەندا، خواستی وڵاتەكەشی بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و وەبەرهێناندا دەربڕی.



وشە - رامیار جەواد