وردەكاری نوێ.. پێش كوژرانی قاسم سلێمانی چی بووە؟

:: PM:08:16:09/01/2022 ‌

لە 3ی كانوونی دووەمی 2020 قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێران، بە هاوەڵی ژمارەیەك ئەفسەری باڵای ئێران و فەرماندەی حەشدی شەعبی لەكاتی هاتنی بۆ عێراق لە سووریاوە، لە نزیك فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بووە ئامانجی مووشەكی درۆنێكی ئەمەریكا و هەموویان كوژران، لە دووەم ساڵوەگەڕی كوژرانی وردەكاری زیاتری كوژرانی دەخرێتە روو. 

بەپێی زانیارییەكان، سێ تیمی هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا كە لە عێراق بوونە، چاودێری شوێنی جێبەجێكردنی كارەكەیان لە چەند پێگەیەكی نهێنی لە فڕۆكەخانەی بەغدا كردووە و چاوەڕوانی گەیشتنی ئامانجەكە بوون، ئەندامانی ئەو تیمانە بە پۆشاكی كرێكاری چاككردنەوە خۆیان شاردبووەوە، هەندێكیشیان خۆیان لە تەلاری كۆن و ئۆتۆمبێلەكانی لاتەنیشتی رێگاكە حەشار دابوو، وەك راپۆرتێكی ماڵپەڕی "یاهو نیوز"، باسی كردووە.
سێ درۆن بە ئاسمانی ناوچەكە سووڕاونەتەوە و بە وردی چاودێری ئامانجەكە كراوە
بەپێی راپۆرتەكە كە لە سەروبەندی دووەم ساڵوەگەڕی كوژرانی سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرپەرشتیاری حەشدی شەعبی بڵاو كراوەتەوە، ئەوشەوە كەشوهەوای بەغدا سارد بووە و ئاسمان هەور بووە، هاوكات بە مەبەستی ئەنجامدانی راهێنانی سەربازی، لای باشووری رۆژهەڵاتی فڕۆكەخانەكە بۆ ماوەیەكی كەم داخراوە، بەو شێوە بە حكوومەتی عێراق راگەیەندراوە.

ئەوە لەو كاتەی سێ تیمی قەناسەكە لە دووری 600 بۆ 900 یاردە لە ناوچەی ئامانجەكە لەسەر رێگەی گەیشتن لە فڕۆكەخانەكەوە ئامادە كرابوون، ئەوكات فەرماندەی هێزەكانی دەلتای زەوینی ئەمەریكایش لەگەڵ تیمێكی پاڵپشتیكردن لەوێ بوونە.

گەشتی فڕۆكەی قاسمی لە دیمەشقەوە لە دوای نیوەی شەوی 3ی كانوونی دووەمی 2020 لە فڕۆكەخانەكە نیشتەوە، ئەوەیش دوای دواكەوتن بۆ ماوەی چەند سەعاتێك، دوای ئەوە سێ فڕۆكەی درۆنی ئەمەریكی لە ئاسمانی ناوچەكە هەڵفڕین و سووڕانەوە.

 دوای گەیشتنی فڕۆكەی سلێمانی بۆ فڕۆكەخانەی بەغدا و هاتنە خوارەوەی و ناسینەوەی لەلایەن ئەو كارمەندانەی خۆیان وەك كرێكاری گواستنەوەی كەلوپەل شاردبووەوە، ئەو لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵی بوون سواری دوو ئۆتۆمبێل بوون و رۆیشتن، لەوكاتەی قەناس بەدەستەكان چاوەڕوانیان دەكرد، بۆیە دوای ئەوەی دوو ئۆتۆمبێلەكە كەوتنە رێ بۆ رۆیشتن لە فڕۆكەخانەكە، سێ درۆنەكە لە ئاسمانی ناوچەكە بوون كە دووانیان مووشەكی جۆری هیلفایەریان هەڵگرتبوو، جیا لەو قەناسانەی ئامادە كرابوون و ئاراستەی ئامانجەكان بوون.

كوژرانی قاسم سلێمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، كە دیارترین فەرماندەی سەربازی ئێران بوو لە ناوخۆ و ناوچەكە و ئەندازیاری سیاسەتە سەربازییەكانی ئێران بوو لە دەرەوەی ئەو وڵاتە، بێگومان گورزێكی زۆر گەورە بوو بۆ ئێران، تا ئاستێك چاودێران بە برینێكی دەچووێنن كە سارێژ نابێت.

سلێمانی جگە لەوەی فەرماندەیەكی باڵای سەربازی ئێرانی بوو، فەرماندەی گشتی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو راستەوخۆ میلیشیاكانی لە عێراق و سووریا بەڕێوە دەبرد و هاوئاهەنگی گەورەی لەگەڵ حزبوڵای لبنانی و بزاوەكانی حەماس و جیهادی ئیسلامی فەلەستینی هەبووە، كە تا ئێستەیش وەك باڵی سەربازی ئێران لە ناوچەكە لەدژی نەیارانی ئێران كار دەكەن و بوونەتە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی ئەجیندا و ئامانجەكانی.

تا ئێستەیش كاریگەریی كوژرانی قاسم سلێمانی بۆ سەر ئێران ماوە، چونكە ئەو تەنیا سەرپەرشتیار و جووڵێنەر و رێكخەری كار و ئامانجی میلیشیاكان نەبوو، بەڵكو دامەزرێنەری هەندێكیان بووە وەك حەشدی شەعبی لە عێراق و لیواكانی فاتمیوون و زەینەبیوون لە سووریا، بەشێوەیەك تا ئێستە و دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر كوژرانی، ئێران كەسی نەدۆزیوەتەوە شوێنی ئەو پڕ بكاتەوە، بەتایبەتی فەرماندەی نوێی فەیلەقی قودس، نەیتوانیوەی هەمان رۆڵی سلێمانی ببینێت.

قاسم سلێمانی، كە لەو شەوە ژمارەیەك ئەفسەری باڵای ئێران هاوەڵی بوونە، لە فڕۆكەخانەیش ئەبو مەهدی موهەندیس و ژمارەیەك فەرماندەی تری حەشدی شەعبی لە پێشوازیدا بوونە و بەیەكەوە بەرەو بەغدا بەڕێ كەوتوون، ئەوان لە رێگەی فڕۆكەخانەی بەغدا كرانە ئامانجی مووشەكی درۆنەكانی ئەمەریكا، كە ئەو كات وا بڵاو كرایەوە كە هێزە تایبەتەكانی ئەمەریكا هەندێك لە كەرەستەكانی ناو ئۆتۆمبێلەكەیشیان بردووە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل