باران ئاستى ئاوی دەربەندی ڕانیە و زێی بچووك و بەنداوی دوکانى به‌رز كرده‌وه‌

:: PM:08:32:14/01/2022 ‌
بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی کە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی گرتووەتەوە بەهۆیەوە ئاستی ئاو لە ناوچەکان و بەنداوەکان بەرزبووەتەوە، بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی ڕانیەیش دەڵێت، "ئاوی دەربەندی ڕانیە زۆربووە بەڵام کاریگەری لەسەر کارکردن لە پڕۆژەی پردى دەربەنده‌كه‌ دروست نەکردووە."

ئەو شەپۆلە بارانە کاریگەری هەبوو لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، بەهۆیەوە ماوەی دوو ڕۆژە بەشێکی زۆر لە کانیا و سەرچاوەکان تەقیون و ئاو زۆربووەته‌وه‌، ئەمەیش لە کاتێکدایە ساڵی ڕابردوو بەهۆی کەمی باران، ئاوی چەم و کانی و سەرچاوەکان نەتەقین و گرفتی کەم ئاوی دروست کرد.

کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری ئاوی بەنداوی دوکان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی کە چەند ڕۆژێکە ناوچەکانی كوردستانى گرتووەتەوە، تا ڕادەیەک بارانیش لە دوکان هەبووە، بەڵام وەک ناوچەکانی تر نەبووە، ئاویش بە کەمی ڕژاوەتە ناو بەنداوەکەوە."

هەروەها گوتی، "ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان چوار سانتیم زیادی کردووە، بەڵام ئێمە چاومان لە مانگی شوبات و مانگەکانی ترە، چونکە ئاسایی لەو مانگە بەولاوە ئاستی ئاوی بەنداوی دوکان بەرزدەبێتەوە، بەردەوامبوونی باران کاریگەری لەسەر ڕێژەی ئاوی بەنداوەکە دەبێت."

ساڵی رابردوو ئاوی بەنداوی دوکان بەهۆی کەمی باران ڕێژەکەی بەرز نەبووەوە، هەر بۆیە لە ئێسته‌یشدا ئاستی دابەزینی ئاوی بەنداوەکە بە جۆرێکە کە پێویستی بە باراناوێکی زۆر هەیە بڕژێتە ناو بەنداوەکە، تا ئاستی ئاوەکە بەرزبێتە، ئەمەیش لە کۆتاییەکانی مانگی ئایار دەردەکەوێت."

لە لایەکی ترەوە ئاستی ئاوی دەربەندی ڕانیە بەرێژەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە و ئاوەکەی فراوان بووە، چونکە دەربەندی ڕانیە ئاوێکی زۆر دەرژێتە ناویەوە، ئەمەیش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی ئاوەکە هەبووە، هەرچەندە پردی دەربەندی ڕانیەی لەسەرە، بەڵام تا ئێسته‌ کاریگەری لەسەر پڕۆژەکە نەبووە.

بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی ڕانیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "هەرچەندە ئاوی دەربەندی ڕانیە بەرزبووەتەوە بەهۆی بارانی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵام ئەو بەرزبوونەوەیە کاریگەری لەسەر پڕۆژەی پردەی دەربەندی ڕانیە و بگرە کەرەستە و کەلوپەلەکانیش نەبووە و کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و هیچ گرفتێکمان نییە، چونکە ئاستی ئاوەکە زۆر بەو جۆرە بەرزنەبووەتەوە کە بگاتە ئاستی مەترسی و دروستکردنی تەنەگەشە بۆی پڕۆژەکە و کارکردن."

ئاماژه‌ى دا، "ئاوی زێی بچووک دەرژێتە ناو ئاوی دەربەندی ڕانیە و بەشی زۆری ئاوەکە پێکدەهێنێت، ئەمساڵیش ئێران ئاوی زێی بچووکی بەردەواتەوە، ئەمەیش وای کردووە ئاوەکە زۆربێت."

لاى خۆیه‌وه‌ زانا عوسمان بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاسا لە قەڵادزێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، "ئاوی زێی بچووک زۆر بووە و ئێسته‌ بەرزبووەتەوە، ئەمە دڵخۆشکەرە لە ئێرانیش بەنداوی کۆڵەسە گرفتی کەمی ئاوی نییە، بۆیە ئێران ئاوەکەی بەردەواتەوە، بارانی ڕۆژانی ڕابردوویش کاریگەری باشی هەبوو بۆ سەر زێیه‌کە."

ساڵی ڕابردوو هەر یەکە لە ئاوی زێی بچووک و دەربەندی ڕانیە بە ڕێژەی بەرچاو دابەزین و لە مانگی ئابیشەوە بە تەواوی هەردوو ڕووبارەکە بەرەو کەمبوونەوە ڕۆشتن و تەنانەت ئاوی زێی بچووک کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییانی قەڵادزێ و ئاودێری کشتوکاڵ و جووتیارانی ناوچەکەیە وشکی کرد و تەنیا چەند کانی و چەمێک دەرژانە ناو زێی بچووک.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی


وشە - محەمەد میران