لەدوای 20 ساڵ مقەسێك لەناو سكی ژنێك دەردەهێنرێت

:: AM:09:45:17/01/2022 ‌
ژنێك لە بەنگلادیش كە پزیشكان نەشتەركاری بۆ زراوی دەكەن، لە كۆتادا مقەسێك لەناو سكی جێدەهێڵن. دوای 20 ساڵ هەمان مقەس بە نەشتەركارییەك دەردەهێنرێتەوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ دووشەم 17ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، ژنێك /55 ساڵ/ لە بەنگلادیش بەناوی "باچینا خاتوون"، لە 2002ەوە پزیشكان نەشتەركارییان بۆ زراوی كردبوو، لەكاتی نەشتەركارییەدا مقەسێكیان لەناو سكی بەجێهێشتبوو، دوای 20 ساڵ بەهۆی ئازارێكی زۆر لە سكی، هەفتەی رابردوو نەشتەركارییەكی تریان بۆ كردووە و مقەسەكەیان لەناو سكی دەركردووە.

میدیاكانی ئەو وڵاتە بڵاویان كردەوە كە ژنەكە لە ماوەی ئەو 20 ساڵەدا بەردەوام ئازار لە سكیدا هەبووە، زۆرجاریش سەردانی پزیشكانی كردووە و بە وەرگرتنی چارەسەر ئازارەكەی كەمتر بووەتەوە بێ ئەوەی ئاشكرا بكرێ كە هۆی ئازارەكەی چی بووە.

پێگەكە ئاماژەی داوە، هەفتەی رابردوو بەهۆی ئەوەی ئازار لە سكی ئەو ژنە بڕستی لێ بڕیبوو، ناچار دیسان سەردانی نەخۆشخانەی كردووە و لەوێدا لەڕێ تیشكەوە، دەركەوتووە مقەسێك لەناو سكیدایە، بۆیە بە پەلە نەشتەركارییان بۆ كردووە و مقەسەكەیان دەركردووە. بەپێی گوتەی پزیشكان، ئێستە دۆخی باشتر بووە.

جەواهیر ئیسلام كە ئەو پزیشكەیە نەشتەركارییەكەی بۆ ژنەكە كردووە، رای گەیاندووە لەبەرئەوەی رووداوەكە زۆر دەگمەنە و پشتگوێخستنی پزیشكان بەرانبەر بە نەخۆش دەگرێتەوە، بۆیە بڕیار دراوە وەزارەتی تەندروستیی بەنگلادیش، لیژنەیەك پێكبێنێ تا لێكۆڵینەوە لە دۆخ و رووداوەكە بكەن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د