كۆشكە مێژووییەكان دەكرێنە هوتێلی پێنج ئەستێرە

:: AM:09:16:22/01/2022 ‌
سعوودیە دەستی بەوە كردووە كە بۆ ئابوورییەكەی تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێ، بۆیە لە هەنگاوێكی ناوازەدا ژمارەیەك لە كۆشكە زۆر مێژووییەكانی، دەكاتە هوتێلی پێنج ئەستێرە و بۆ ئەوەش دەستی لە كارەكانی كردووە.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ شەموو 22ی كانوونی دووەم بڵاوی كردووەتەوە، كەرتی گەشتیاری لە سعوودیە بە فەرمانی جێنشینی وڵاتەكە، كۆمپانیایەكی نوێی دامەزراندووە بەناوی "پوتیك غرووب"، سێ لە كۆشكە مێژوویی و ناودارەكانی وڵاتەكە، بكاتە هوتێلی پێنج ئەستێرە.

بەپێی فەرمانی محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە و ئەو پلانەی بۆ كەرتی گەشتەوەریی وڵاتەكەی دایناوە، ئەو كۆشكە مێژووییانەی پێیان دەگوترێ "كۆشكی سوور" لە شارەكانی جدە و تەویق و ریاز، بكرێنە هوتێلی 200 ژووری، جیا لە چەندان ڤێلا.

مەبەست لە چالاكییە گەشتەوەرییەكانی سعوودیە، بۆ ئەوەیە بۆ ئابوورییەكەی تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێ، بەڵكو كەرتی گەشتەوەریش بكاتە بەشێكی ئابوورییەكەی. بۆ ئەوەیش لە پلانیدایە تا ساڵی 2030، گەشتەوەری 10%ی ئابوورییەكەی پێكبێنێت.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د