سەرۆكی حكوومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش دەردەبڕێ‌

:: PM:12:09:23/01/2022 ‌
مەسروور بارزانی كۆبوونەوەیەك لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە و ناوخۆ ئەنجام دەدات، هەروەها سەرۆكی حكوومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەردەبڕێ.

ئەمڕۆ یەكشەم 23ـی كانوونی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق و سووریا تایبەت بە پەرەسەندنی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعشی تاوتوێ كرد.

سەرۆكی حكوومەت نیگەرانیی خۆی لە زیاتربوونی هێرش و پەلامارەكانی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا دەربڕی. دووپاتی لە گرنگیی بەهێزتركردنی هێڵەكانی بەرگری و توندتركردنی ڕێكارەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستان لە هەڕەشەی تیرۆریستان كردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش، پێویستە لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، لە پێوەندیی بەهێز و بەردەوامدابن لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش.

ئەو كۆبوونەوەیەی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ دوو وەزیری تەناهیی كوردستان لە كاتێكدایە، ئێستە مەترسیی ڕاستەقینە لە سووریا و بەشێك لە عێراق هەیە كە چەكدارانی داعش جارێكی تر دەست بگرنەوە بەسەر چەند ناوچەیەك.



وشە - رامیار جەواد