گەندەڵییەكانی ناو سوپای عێراق مەترسی داعشیان زیاد كردووە

:: PM:09:56:24/01/2022 ‌

بەرەبەیانی هەینی رابردوو چەكدارانی داعش لە ناوچەی عوزێم لە پارێزگای دیالە 11 ئەفسەر و سەربازی عێراقیان كوشت، هێزەكانی عێراق سەرەڕای چەند ئۆپراسیۆنێكی فرەوانی هاوبەشی سەربازی، نەیانتوانیوە مەترسی داعش بنبڕ بكەن، لە ماوەی رابردوو چەند گەندەڵییەكی ناو سوپای عێراق بڵاو كرایەوە.

چاودێران ئاماژە بۆ لاوازی سوپای عێراق و هەوڵە هەواڵگرییەكان دەكەن كە وایان كردووە داعش چالاك ببێتەوە، بۆیە گەندەڵی بووەتە هۆكارێكی گەورەی ئەو لاوازییە، كاتێك زۆرێك لە فەرماندە باڵاكان مانەوەی داعش لە بەرژەوەندی خۆیان دەزانن.
بوونی گەندەڵی لە عێراق وای كردووە گەل لە پەرەسەندنی رووداوە تەناهییەكان بترسێت
ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت، ماقووڵە وڵاتێك ژمارەی هێزە تەناهی و چەكدارەكانی زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار كارمەند بێت و نزیكەی 30%ی بودجە لە وەزارەت و دەزگا تەناهییەكان خەرج دەكرێت، كەچی گەلەكەی بەهۆی رووداوەكەی گرتووخانەی غوێران بكەونە ناو ترس و تۆقینەوە؟، لێكدانەوەی ئەوە چییە؟، مەگەر ئەو گەندەڵییە نەبێ كە جەستەی دامەزراوەكانی وڵاتی داخوریوە.

ئەمڕۆ سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاشكرای كرد كە برووسكەیەكی نهێنی و بەپەلە لە سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراقەوە گەیشتووە بە جەردكردن و ژماردنی هەموو جۆرەكانی چەك و تفاقی سەربازی لە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنەكان و فرەقە سەربازییەكان لە تەواوی عێراق، ئەوەیش دوای ئەو دەنگۆیانەی باسی ئەوەیان كرد كە چەند ئەفسەرێكی باڵای عێراق چەكی جۆراوجۆری سەربازیان فرۆشتووەتە چەكدارانی داعش لە شارۆكەی تارمییە لە باكوری بەغدا. بەتایبەتی لەلایەن عەمید روكن عەلا گاتع حەسەن، فەرماندەی فرقەی شەش و چەند ئەفسەرێكی تر.

ئەگەرچی بەر لە دوو رۆژ شانەی راگەیاندنی تەناهی ئەو هەواڵەی رەت كردەوە، بەڵام بەپێی سەرچاوەكە ئەو كارەیش بۆ دڵنیابوونەوەیە لە راست و دروستی ئەو دەنگۆیانە و هەر دوای گەیشتنی نووسراوەكەیش، راستەوخۆ جێبەجێ كراوە.

لای خۆیەوە موختار مووسەوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح رای گەیاند گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوە حكوومەتییەكانی عێراق تەشەنەی كردووە، لەوانەیش دامەزراوە سەربازییەكان، ژمارەیەك بندیوار لە ریزەكانی سوپای عێراق هەن، كە لەلایەن هەندێك لە ئەفسەرەكانەوە سوود لەو بابەتەوە وەردەگیرێت، ئەوان بۆ سوودی خۆیان و دەسكەوتی مایەكی لە رێگەی خۆراكی سوپا و بازرگانیكردن پێیەوە و بە پرسی سەربازە بندیوارەكان ئەو كارە دەكەن. 

مووسەوی روونی كردەوە كە ژمارەی هێزە تەناهییەكان لە عێراق گەیشتووەتە ملیۆنێك و نیو، ئەوەیش زۆر گەورەیە و هەر وڵاتێك ئەوەندە هێزەی هەبێت زۆرە، لەوكاتەی بوونی گەندەڵی لە عێراق وای كردووە گەل لە پەرەسەندنی رووداوە تەناهییەكان بترسێت، هەرئەوەیش بوو لە پرسی هەڵاتانی داعشەكان لە گرتووخانەكەی حەسەكە رووی دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل