فێستیڤاڵی بەفر ئەنجام دەدرێ‌

:: AM:09:25:25/01/2022 ‌
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران ڕای دەگەیەنێت، لە ئامادەكاریداین بۆ دەستپێكردنی فێستیڤاڵی ناو بەفر و چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی كەشوهەواین.

ئەمڕۆ سێشەم 25ـی كانوونی دووەم، بارزان محەمەد بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە گەشتوگوزاری چۆمان ئامادەكاری دەكات بۆ ئەنجامدانی پێنجەمین فێستیڤاڵی بەفر لەسنووری شارۆكەی چۆمان.

زیاتر گوتی، بۆ دەستپێكردنی فێستیڤاڵەكە، چاوەڕوانی ئاساییبوونەوەی كەشوهەوا دەكەین و ساڵانی ڕابردووش ئەو فێستیڤاڵە ئەنجام دراوە.

ئەنجامدانی فێستیڤاڵی ناو بەفر ساڵانە لە سنووری ئیدارەی سۆران ئەنجام دەدرێ‌، بەدەیان گرووپی گەشتیاری بەشداری تێدا دەكەن و چەندان چالاكیی خلیسكانێ و پێشبڕكێ‌ و یاریی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا بەفرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان باری، لە سنووری سۆران لە هەندێك شوێن زیاتر لە مەترێك بەفر باریوە، ئەوەیش وایكردووە كەشوهەواكەی بۆ خلیسكانێ‌ و چالاكییەكانی ناو بەفر گونجاو بێت.

لە ئیدارەی سۆران زۆرترین ناوەند و شوێنی گەشتیاری هەیە، بەپێی ئامارێك 30%ی شوێنە گەشتیارییەكانی عێراق دەكەوێتە سنووری سۆران، ساڵانە بە سەتان هەزار گەشتیار ڕووی تێدەكەن.




وشە - رامیار جەواد