وریای خواردنەوەی ئاوی باران بن

:: PM:03:53:17/03/2017 ‌

لێژنەی ژینگەی ئەڵمانیا رای گەیاند، ئاوی باران تەنیا بە کەڵکی گوڵ، درەخت و دارەکان دێت و گونجاو نییە بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بیخۆنەوە.

بە گوێرەی هەواڵێک کە رۆژنامەی "بیڵد"ی ئەڵمانی بڵاوی کردووەتەوە، لێژنەکە لە راپۆرتێکدا روونی کردووەتەوە، ئاوی باران لە بنەڕەتدا لە هەڵم دروست بووە و دواتر کشاوە بەرەو ئاسمان، ئەوسا دووبارە لە رێگەی بارین گەڕاوەتەوە بۆ زەوی، هەر لەبەر ئەوەش هیچ دڵنیاییەک نییە لە بارەی ئەوەی ئەو بڕە ئاوەی باران کە ئەگەر بخورێتەوە، ئاخۆ هیچ بەکتریا و ڤایرۆسێکی ناو هەوای لە خۆیدا هەڵگرتووە یاخود نا، بە تایبەت لەو ناوچانەی کە کەشوهەوا و ژینگەیان پاک نییە.

راپۆرتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، کە ئاستی پەتیبوون و پاکیی ئاوی باران هەرگیز بەراورد ناکرێ بە ئاوی ئاسایی خواردنەوە، هاوکات ئاوی باران لەخۆگری ئەو پێکهاتە کانزاییە سوودبەخشانە نییە، کە لە ئاوی خواردنەوەدا هەن.

لێژنەکە پێشنیازی ئەوەی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێ ئاوی باران بخورێتەوە، لە رێگەی تەکنیکەکانی شیاندنەوە دەستکاری بکرێت و بگونجێنرێت بۆ خواردنەوەی مرۆڤ.

سەرچاوە/ سپوتنیک



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی