به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی كه‌شناسی و بوومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ستا به بڵاوكردنه‌وه‌ی پێشبینییه‌كانی خۆی بۆ رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆز.
له راگه‌یه‌نراوێكدا كه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوبراو وێنه‌یه‌كی بۆ "وشه" ناردووه، ئاماژه به‌وه دراوه كه رۆژانی جه‌ژنی نه‌ورۆز هه‌رێمی كوردستان به كه‌شێكی ناسه‌قامگیردا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
به گوێره‌ی پێشبینییه‌كانی راگه‌یه‌نراوه‌كه، یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی نه‌ورۆز، رۆژی سێشه‌م رێكه‌وتی 21ی ئادار/ مارس، ئاسمانی هه‌رێم به گشتی نیمچه هه‌ور و هه‌وری ته‌واو ده‌بێت، له هه‌موو پارێزگاكان باران ده‌بێت، به‌ڵام له ناوچه شاخاوییه‌كان رێژه‌ی بارانه‌كه زیاتره و له ناوچه سنوورییه‌كان ئه‌گه‌ری بارینی به‌فریش هه‌یه.
هاوكات له رۆژی دووه‌می جه‌ژندا، رۆژی چوارشه‌م رێكه‌وتی 22ی ئادار/ مارس، هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری نزمه پاڵه‌په‌ستۆی توركیا، ئاسمان په‌ڵه‌هه‌ور ده‌بێت و له هه‌ندێك ناوچه ئه‌گه‌ری باران هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ردوو پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی ئه‌گه‌ری باران زۆرتره.
له رۆژی سێیه‌می جه‌ژندا، كاریگه‌ری نزمه پاڵه‌په‌ستۆی ده‌ریای سوور ده‌كه‌وێته سه‌ر پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك و به‌و هۆیه‌وه‌ش نمه بارانێكی كه‌م ده‌بارێت، به‌ڵام له پارێزگاكانی سلێمانی و كه‌ركووك، زۆرترین رێژه‌ی باران ده‌بارێت و ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆز و خۆڵیش هه‌یه.