رەنگە جیاوازەکانی پاسپۆڕتی وڵاتان مانایان چییە؟

:: AM:11:10:21/03/2017 ‌


پاسپۆڕت، بۆ ئەنجامدانی گەشت و سەردانکردنی وڵاتان لە سەردەمی هاوچەرخ بووەتە بەڵگەنامەی سەرەکی و ئەستەمە خەڵکی بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی بچنە ناو سنووری وڵاتێک، بەبێ ئەوەی پاسپۆڕتیان پێ بێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە پاسپۆڕتی وڵاتانی دنیا رەنگەکانیان جیاوازە لە یەکتر و هەموویان هەمان رەنگ نین.

لە ئێستەدا بە گشتی پاسپۆڕتی وڵاتان چوار رەنگن، کە ئەوانیش بریتین لە: سوور، سەوز، شین و رەش، بەڵام ئاستی کاڵی و تۆخی و جۆری ئەو چوار رەنگە لە پاسپۆڕتی وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە.

بە گوێرەی زانیاری و لێکدانەوەکان، هەر وڵاتێک هۆکارێکی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ دیاریکردنی رەنگی پاسپۆڕتەکەی، بە شێوەیەک هەر یەکێک لە رەنگەکان چیرۆکێکی خۆی لە پشتەوەیە.

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا رەنگی پاسپۆڕتەکانیان سوورە، هەرچی وڵاتانی ناوچەی دەریای کاریبین کە ژمارەیان 15 وڵاتەو رەنگی پاسپۆڕتەکەیان شینە.

بەشێک لە هۆکاری دیاریکردنی رەنگەکان سیاسییە و بەشێكی تریشی هۆکاری جیۆگرافی و بابەتی تری لە پشتەوەیە، بۆ نموونە دەستنیشانکردنی رەنگی سوور لای هەندێک وڵات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو وڵاتانە لە رابردوودا وڵاتانی کۆمۆنیستی بوون، هەروەها رەنگی شین زیاتر بە مانای گوزارشتکردنە لە دنیایەکی نوێ.

هاوکات هۆکاری ئەوەی کە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی رەنگی پاسپۆڕتیان سەوزە، بۆ رەهەندێکی ئاینی دەگەڕێتەوە، کە بە بڕوای خۆیان ئەو رەنگە خاوەن گرنگییەکی ئاینییە و هاوکات سیمبولێکیشە بۆ سروشت و ژیانیش.

هەرچی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە تا ئێستە هەر سێ رەنگەکانی سوور، سەوز و شینی بۆ پاسپۆڕتی خۆی بەکارهێناوە، هاوکات هەندێک وڵاتی وەک سویسڕا و نیوزلاند، کە رەنگی سووریان بۆ پاسپۆڕتەکەیان دیاری کردووە، هۆکار ئەوەیە کە دەیانەوێ پێیەوە گوزارشت لە ناسنامەی خۆیان بکەن.

سەرچاوە/ سکای نیوز



وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی