"یەكێتی بەرژەوەندی تەسكی حزبی پێش هەموو شتێك خستووە"

:: PM:09:45:07/05/2022 ‌

چەند مانگێگە دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان چەقی بەستووە، ئەوەش بەهۆی بەرژەوەندییەكانی یەكێتی، كە لە سەرەوی هەمووی شتێكەوە كاری بۆ دەكات و هیچ مەبەستێكی بۆ باشكردنی دۆخەكە نییە، هاوكات ئەوەی بە تەنیا بیری لێ دەكاتەوە پلە و پۆست و بەرژەوەندییە حزبییەكانی خۆیەتی، بەڵام ئەمەی بۆ ناچێتە سەر.

لە پێناو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كە پشكی كوردە و هی هیچ حزب و لایەنێك نییە، بەڵام یەكێتی بە موڵكی خۆی دەزانێت و هەموو رێكارێكی بۆ وەرگرتنی گرتووەتەبەر و لەو پێناوە یەكڕیزیی لایەنەكان و دۆخی سیاسی و هاووڵاتییانیشی كردووە بە قوربانی، ئەمەیش تەنیا هاووڵاتییان لێی زەرەرمەندن و خەڵكی سلێمانیش لەو پێناوە قوربانییان داوە.

بەختیار كەریم، ئەندامی سەركردایەتی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بەتەواوی ناسك و هەستیارە، بە تایبەتی لە دوای ئەو گۆڕانكارییانەی رووبەڕووی دنیا دەبێتەوە، ئەمانە كۆمەڵێك فاكتەرن كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، ئێستە لە كوردستانیش لە هەموو كات زیاتر لایەنەكان ناتەبان، بۆیە باشترین شت یەكگوتاریی هێز و لایەنە سیاسییەكانە، بەو رێگەیە دەتوانین بگەین بە ئامانج و ئەوەی مەبەستە.

باسی لەوەیش كرد، ئەمە كاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێم دەبێت، ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەیش كە بەرپرسن لە ناوچەكە دەبێت زیاتر باج بدەن، لەسەر پرسی سەركۆمار و بابەتی هەڵبژاردن و شێوازی باشكردنی دۆخی دارایی یەكڕیزی لایەنەكان تێك چووە و بەرژەوەندی حزبی پێش بەرژەوەندی گشتی خراوە، ئێستەیش لایەنەكان كە ئاڵۆزی لە نێوانیاندا هەیە، ئەگەر نەتوانرێت بە باشی یەكلا بكرێتەوە، ئەوە هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییان باجەكەی دەدەن.

پێوەست بەو بابەتە كلارا بەفرۆ، ئەندامی لیستی كلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی لە ماوەی رابردوو هەندێك رەفتار و هەڵسوكەوت دەكات، كە هیچ لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتییاندا نییە، تەنیا بیر لەوە دەكاتەوە كە ئامانجیەتی و بە دەستی دێنێت، كاریش بۆ ئەوە دەكات بەرژەوەندیی خۆی پێش بەرژەوەندی گشتی بخات.

روونی كردەوە، ئەوەی یەكێتی ئیشی بۆ دەكات و مەبەستیەتی بۆ خەڵك زۆر خراپە، لە پێناو ئەوەی كە دەیەوێت، هەموو دۆخە سیاسی و پێوەندییەكان و بگرە لایەنی دارایی هاووڵاتییانیش، كە مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانییە، بوونەتە قوربانی و یەكڕیزیی لایەنەكان نەماوە، بەشێوەیەكی هەڵەشانە ئیش دەكا و هەموو شتێكی كردووە بە قوربانی ئەو دەسكەوتەی كە مەبەستیەتی.

لای خۆیەوە تەحسین محەمەد، چاودێری سیاسی لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، یەكێتی لە پێناو ئەوەی بگاتە پلە و پۆست هەموو هەوڵێكی خۆی داوە، ئەو هەوڵانەیش لەسەر حیسابی تێكچوونی پێوەندیی لایەنەكان و یەكڕیزیی ناوماڵی كوردە و تەنیا و تەنیا ئامانجی بەرژەوەندی خۆیەتی، بۆیە هەموو كارێك لە پێناو پۆست دەكات، هەموو شتێكیش دەكاتە قوربانی، لەولایشەوە باس لە دڵسۆزیی خۆی بۆ خەڵك دەكات، بەڵام كام دڵسۆزییە، ئەو دڵسۆزییەی كە بەرژەوەندیی خۆی پێش بەرژەوەندیی میللەت و خەڵك خستووە.

"تەنیا لە پێناو پۆست هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموكراسی دژی وەستایەوە، دژایەتیی حكوومەتی دەست پێ كردووە، كە خۆی بەشداری كارای تیادا هەیە، سێ مانگە داهاتی سلێمانی نەگەڕاندووەتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی سنوورەكەی پێ نادات، خزمەتی سنوورەكەیشی پێ ناكات، كەرتەكانی تر راگیراون لە ناویاندا تەندروستی، كە بڕبڕەی پشتی هەیە وڵاتێكە، ئەمانە هەموو دژایەتیكردنی خەڵكە بۆ بەرژەوەندی تەسكی حزبی"، تەحسین محەمەد چاودێری سیاسی وای گوت.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل