"ئەوەی یەكێتی دەیكا كاریگەری خراپی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت"

:: PM:10:45:08/05/2022 ‌

پەرلەمانتار و شارەزا و مامۆستایانی زانكۆ ئاماژە دەكەن كە بەپێی دەستووری عێراق هەرێمی كوردستان دەتوانێ نەوتی خۆی بفرۆشێت، كەچی یەكێتی بە دژایەتیكردنی دەسەڵات و مافەكانی هەرێم، هەوڵ بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان دەدا و وەك تێكدەرێك كار دەكات، ئەمەیش ئەجێندایەكە خۆی لە دژایەتیكردنی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەی دەبینێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم ئازاد ئەكرەم، سەرۆكی فراكسیۆنی میللەت لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی دەستوور و یاسا هەرێمی كوردستان مافی هەیە نەوتەكەی بفرۆشێت، ئەمە لە دەستووردا ئاماژەی پێ كراوە، بۆیە ئەگەر لایەنەكانی كوردستان دژایەتیی ئەو مافە بكەن و داوا بكەن نەوتەكە بكەوێتە دەستی بەغدا، كاریگەری خراپی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دەبێت.

زیاتر گوتی، یەكێتی لە حكوومەتدایە و پلە و پۆستی هەیە، بەڵام پێیان خۆشە ئەو نەوتە بكەوێتە دەستی بەغدا، پرسی سەركۆماری عێراق و یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، وای كردووە یەكێتی هەموو شتێك بكا و هەموو جۆرە دژایەتییەكی كوردستان بكات، تەنانەت ئەگەر هەرێمی كوردستان شتێكی لێ بێت، یەكێتی زۆر لای ئاساییە.

ئەو پەرلەمانتارەی كوردستان دووپاتی كردەوە كە بە كەوتنەدەستی نەوتی هەرێم بۆ بەغدا، مەترسی لەسەر قەوارەكەمان دروست دەبێت، یەكێتی بەو جۆرە بیر دەكاتەوە كە ئەگەر نەتوانم یاری بكەم دەتوانم تێكی بدەم، بۆیە ئەم دژایەتییەی یەكێتی بۆ دواڕۆژی هەرێمی كوردستان خراپ دەبێت.

لای خۆیەوە نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو روونادات كە نەوتی هەرێم بكەوێتە دەستی بەغدا، لەبەر ئەوەی عێراق یاسای نەوت و غازی نییە، كاتی خۆشی لە سەردەمی مام جەلال ئەو رێككەوتنە كراوە كە ئەگەر بەغدا ئەو یاسایەی نەبێت، هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی نەوتەكەی بفرۆشێت و مامەڵەی پێوە بكات، ئەمە بە هیچ جۆرێك یاسایی نییە و سەریش ناگرێت.

باسی لەوە كرد، تەنیا لە یەك حاڵەتدا ئەو دەكرێت، ئەگەر بێت بەغدا بە شێوەیەكی خۆسەپێنەر ئەو كارە بكات، بەڵام ئەو جۆرە گرژیانە كاریگەری لەسەر دەروونی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەغدایش دەوڵەتێكە هیچ سەروەری نییە، بەغدا خۆیشی شەفافیەتی لە داهات و بودجە نییە، جا چۆن دەتوانێ لەگەڵ هەرێم شەفاف بێت.

"ئەو لایەنانەی كە لەگەڵ ئەوەدان نەوت بدرێتە بەغدا و بەغدا دەست بەسەر نەوتی هەرێمدا بگرێت، ئەو دژایەتیكردنەی هەرێم كاریگەری خراپی دەبێت، جێبەجێكردنی ئەجێندایەكە كە خزمەت بە هەرێم و قەوارەی هەرێمی كوردستان ناكات"، نەزاكەت حەمەسەعید، مامۆستای زانكۆ وای گوت.

پێوەست بەو بابەتە جەمال ئەحمەد، پارێزەر و شارەزای یاسایی بە "وشە"ی گوت، لە دەستووردا هاتووە كە هەرێمی كوردستان دەتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیكات دژایەتی تەواوی هەرێمە، چەندان كێشەی تر هەیە بەغدا ناچێت یەكلایان بكاتەوە و چارەسەریان بكات، بەڵام هەمیشە كاری ئەوە بووە دەست بۆ شتانێك دەبات كە لە بەرژەوەندی خۆیەتی، ئەگەرنا بۆ كار بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و بودجەی پێشمەرگە و ناوچە كێشە لەسەرەكان و چەندان كێشەی تر ناكات.

روونی كردەوە، بەغدا كە دەبینێ لایەنەكانی هەرێم لە ناوخۆی خۆیاندا كێشەیان هەیە و دژایەتی یەكتری دەكەن، ئەو هەلەی قۆستوەتەوە و بە هەموو جۆرێك دەیەوێ ئەو بۆشاییەی كە هەیە لە بەرژەوەندی خۆی پڕی بكاتەوە، بۆیە هەركات لایەنە كوردییەكان كێشەیان هەبوو، ئەوە خاڵی لاوازی هەرێم دەبێت بەرانبەر بە بەغدا، هەرێم دەبێت باش ئەوە بزانێت كە بەغدا هەمیشە بەدوای ئەوەوەیە كە چۆن لاوازی بكات، دژایەتی لایەنێكیش بۆ حكوومەت كاریگەری خراپی دەبێت.

شایەنی باسە چەند رۆژێكە پەرلەمانتارانی یەكێتی كەوتوونەتە ئەوەی دەڵێن با نەوتی هەرێمی كوردستان بكەوێتە دەستی بەغدا و بەغدا ئیدارەی نەوت بدات، ئەمەیش لەكاتێكدایە كە ئەو دژایەتییەی یەكێتی كاریگەری لەسەر قەوارەی هەرێم دەبێت.

چاودێران بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق پێیان وایە یەكێتی دەیەوێ لە پێناو وەرگرتنەوەی پۆستی سەركۆمار، كە مافی كوردە نەوەك حزبێكی دیاریكراو، ئامادەیە هەموو شتێكی هەرێم، بە قەوارە و سامانە سروشتییەكان و ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەكانیشەوە، كە پێش هێزە سیاسییەكان مافی هاووڵاتییانی كوردستانە، ئامادەیە هەموو ئەوانە رادەستی بەغدا بكات، كە ئەوەیش پێشینەیەكی مەترسیدارە و دەری دەخات كە ئەو حزبە لەبارەی دووربینی و وابەستەی نەتەوەییەوە لە تەنگژەدایە. 

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل