نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکووک داوای لە رێکخراوەکان و لایەنە سیاسییەکان و نوێنەرایەتییەکانی قوتابیان و خوێندکاران و بارەگای حزبەکان کرد بە هیچ شێوەیەک لە خۆیانەوە ئاڵا لەسەر بارەگاکانی حکوومەت بەرز نەکەنەوە، بەڵکوو ئەرکی ئیدارەی کەرکووکە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک جێبەجێ بکات.
نەجمەدین کەریم رەتی کردەوە عەرەب و تورکمانەکان دژی ئەو بڕیارە بن کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک پەسندی کرد و گوتی لە لیستی برایەتیدا سەرجەم پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان و ئاشوری و کورد هەن و دەنگیان بە بڕیارەکە داوە.
ئەو گوتیشی تەنانەت نوێنەری لایەنی لیستی عەرەبیش بەشداری لە کۆبوونەوەکە کرد و دەنگی دا. ئەو باسی لەوەش کرد کە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هیچ زیانێکی بۆ تورکمان و عەرەب و هیچ پێکهاتەیەکی تری کەرکووک نییە و مافێکی یاسایی و دەستوورییە کە ئەنجوومەنەکە دەریکردووە.