یەكێتی پەرلەمانتاران: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك جێبەجێ‌ كردنی مادەی 140 دەگەیەنێت

:: PM:06:48:28/03/2017 ‌
یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان  رای گەیاند، بوونە فەرمی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركووك هەنگاوێكی گرنگ و وەچەرخانێكی سیاسی و یاساییە.

ئەمڕۆ سێشەم، ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر پێشنیاری پارێزگاری شارەكە كۆبۆوە و بەكۆی دەنگی ئەندامانی بریاریدا هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەپاڵ ئاڵای عێراق لەشاری كەركووك ببێتە فەرمی.

هاوكات لەبەیاننامەیەكدا یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە رای گەیاندووە، بەفەرمی كردنی ئاڵای كوردستان و بەكارهێنانی زمانی كوردی بۆ نوسراوی دام و دەزگەكان هەنگاوێكی گرنگ و وەچەرخانێكی سیاسی و یاساییە لە دەربڕینی ویست و ئارەزووی پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووك.

یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان ئاماژەیداوە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەكەركووك جێبەجێ‌ كردنی ناوەڕۆكی مادەی 140ی دەستووری عێراق دەگەیەنێت.

هەر لەوبەیاننامەیەدا یەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان هیوایان خوستووە كە لایەنەفەرمییەكانی وەك حكوومەت و پەرلەمانی عێراق لەئاست بەرپرسیاریەتی دابن و پێشوازی لەوبڕیارە بكەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم