"وشە" هۆكاری شەڕە تەقەكەی شەوی رابردوو ئاشكرا دەكات

:: AM:09:33:11/06/2022 ‌

شەوی رابردوو لە سنووری سلێمانی تەقەیەكی زۆر كراوە و بەپێی زانیارییەكان، لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە تاوانبارێك گیراوە، باس لە گیان لەدەستدانی كارمەندێكی هێزە تەناهییەكانیش دەكرێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" شەوی رابردوو مەفرەزەیەكی هێزە تەناهییەكانی سلێمانی، لە وڵوبە دەچن بۆ گرتنی تاوانبارێكی داواكراو، بەڵام ئەو تاوانبارە رووبەڕووی هێزە تەناهییەكان دەبێتەوە و ئامادەی خۆبەدەستەوەدان نابێت.

باس لەوەش كراوە، شەڕە تەقەیەكی زۆر لە نێوان هێزە تەناهییەكان و ئەو تاوانبارە كراوە و باس لە گیان لەدەستدانی كارمەندێكی هێزە تەناهییەكان دەكرێت، بەڵام هێشتا ئەوە یەكلا نەبووەتەوە.

ئەوەیش باس كراوە، تاوانبارەكە بەكارهێنەری مادە هۆشبەرەكان بووە و هێزە تەناهییەكان بۆ گرتنی، چوونەتە ئەو ناوچەیە و هێزێكی زۆریشیان لەو شوێنە بڵاوە پێ كردووە، هۆكاری تەقەكانی شەوی رابردووش بۆ گرتنی ئەو تاوانبارە دەگەڕێتەوە.


 



وشە - رامیار جەواد