ئەرجەنتین لەسەر میسی بەجواب هات

:: AM:10:02:29/03/2017 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەرجەنتین ئاشكرای كرد كە تانە لە بڕیارەكەی یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) دەگرن سەبارەت بە راگرتنی لیۆنێل میسی ئەستێرە و كاپتنی هەڵبژاردەكەیان.

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی دوێنێ سێشەم چەند سەعاتێك بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەكەی نێوان هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و پۆلیڤیا، سزای راگرتنی لە 4 یاریی ناودەوڵەتیدا بەسەر میسی سەپاند دوای ئەوەی لە یارییەكەی پێشووتردا بەرامبەر هەڵبژاردەی چیلی سووكایەتی بە یاریدەری ناوبژیوان كردبوو.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوێنێ سێشەم یارییەكەی بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆلیڤیا لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتنی ئەمەریكای باشوور بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا ئەنجامدا و تێیدا بە ئەنجامی 2 گۆڵی بێ بەرامبەر دۆڕا.

میسی جگە لەوەی لەم یارییەدا بەشدار نەبوو، هەروەها لە 3 یاری تری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە چوارچێوەی یارییەكانی پاڵاوتن بۆ گەیشتن بە مۆندیالی رووسیا بەرامبەر هەڵبژاردەكانی ئۆرگوای و ڤەنزوێلا و پیرۆ یاریی ناكات، واتە لە قۆناغی كۆمەڵەكاندا تەنیا لە یەك یارییدا یاریی دەكات ئەویش بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیكوادۆرە.

لای خۆیەوە خۆرخێ میادۆسكۆی سكرتێری هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بۆ دەزگاكانی راگەیاند ئاماژەی بەوەدا كە بەبڕیارەكەی فیفا تووشی شۆك بوونە.

جەختیشی كردەوە كە بە بڕیارەكە رازی نین و تانەشی لێدەدەن بۆ ئەوەی سزاكەی سەر میسی سووك بكەن.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای ئەنجامدانی 14 یاری، ئێستا بەكۆكردنەوەی 22 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەمی هەڵبژاردەكانی ئەمەریكای باشوور دێت بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2018ی رووسیا، لەو پارزەوینەشدا 4 هەڵبژاردەی ریزبەندی یەكەم راستەوخۆ سەردەكەوتن بۆ مۆندیال و هەڵبژاردەی پێنجەمیش یارییەكانی پاشكۆ ئەنجام دەدات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م