ئەنجوومەنی وەزیران كۆ دەبێتەوە

:: AM:10:57:29/06/2022 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە پرسی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان، ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر كێڵگەكانی بەرهەمهێنان.

ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی حوزەیران، لە راگەیەنراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاریدا هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت ئەنجام دەدات. 

لە كۆبوونەوەكەدا خستنەڕووی بابەتی چەند بارەبوونەوەی هێرشەكان بۆ سەر خەڵك و ژێرخانی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوو باس دەكرێت، هاوكات گرنگیی پێكهێنانی هێزی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی عێراق بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی تەناهی، ڕێكارەكانی هەردوو وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەكانی نەوت و گاز باس دەكرێ‌.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكان، بریتی دەبێت لە خستنەڕووی بابەتی گوشاری بەردەوامی حكوومەتی فیدراڵی بۆ وەبەرهێنەرانی بواری نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، لە پێناو پەكخستنی پڕۆژەكانی گەشەپێدانی سەرچاوەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان، ئەمەش بە ئاشكرا پێشێلكردنی دەسەڵاتە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانە.

تەوەری سێیەمی كۆبوونەوەكەش بریتی دەبێت لە خستنەڕووی بابەتی پڕۆژە بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2022.



وشە - رامیار جەواد