*تالیب عهزیز
راشكاوانه و بێ پێشهكی دهمهوێت بڵێم، پێم وایه پێمان خۆش بیت یان نا، وەرزشی شاری هەولێر شکستی هێناوه، بهڵام بۆ؟
لە هەر شارێک زۆریی یانەی وەرزشی و ژمارهی وەرزشوان، نابێتە پێوەر بۆ پێشکەوتنی وەرزش لهو شارهدا، بەڵکو چەند وەرزشوان لە شارەکە پاڵەوانن و لە پلەی بەرزدا یاریی دەکەن، وەک هەڵبژاردەکانی وڵات و یانە گەورەکانی وڵات و دەرەوەی وڵات و نوێنەرایەتیی شارەکە دەکەن.
لە شارێکی وەک هەولێر، دەرزی فڕێبدەی دەکەوێتە سەر کەسێکی خاوەن بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای وەرزشی، کەچی شەش پاڵەوانمان نییە لە هەڵبژاردەکانی وڵات، ئەوە شکستە و نەوەک سەرکەوتن.
من دەزانم کەسی زۆر زیرەک و بەتوانامان هەیە، کە خاوەن بڕوانامەی بەرزن، لەوانەیە پڕۆژەشیان هەبێت بۆ پێشخستنی وهرزش، بەڵام کاتێک ئەوە وەرزشەکەمان بێت، کەواتە ئێمە شکستخواردووین، چونکە هەولێر ساڵی هەشتاکان و هەتا نەوەتەکانیش، نوێنەرایەتی هەموو کوردستانی دەکرد لە زۆربەی پاڵەوانیەتییەکانی عێراق و بهشێكی زۆری یاریزانی له یارییه جیاوازهكان له ئاستێكی ناسراو و له تیپهكانی عێراق بوون، کەچی ئێسته هەموو شارەکان لە پێش هەولێرن، کەواتە پێمان خۆش بیت یان نا، وەرزشی هەولێر شکستی خواردووە.
لهگهڵ ئهوهشدا پێم وایه، ئەگەر بمانەوێت هەولێر بگەڕێتەوە پێشەنگ، دەبێت پێداچوونەوەیەک بەسەر ئەو شوێنانەدا بکەین، کە کاریان پێگەیاندنی وەرزشوانە لە هەموو بوارەکان، چونکە هەولێرییەکان باش دەزانن ئەگەر وەرزشێکی تەندروستیان هەبێت، دەتوانن بگەڕێنەوە پێشەنگ، نموونەشمان ساڵانی پێشووە، کە لە پێشەنگ بوین، ئێستهش ئەم بارودۆخەی هەیە، یان باشتر بڵێم، ئەم وەرزشە شکستخواردووە، هەرهەموومان لێی بەرپرسیارین، ئەگەر خۆمان بە بەرپرسی وەرزش بزانین، دەبێت ددان بەوەدابنێین، کە لە رابردوودا شکستمان خواردووە و پێویسته رووبەڕووی قۆناغی نوێ ببینهوه و ههنگاو بهاوێژین و گۆڕانكاری بكهین، ئهوكات دڵنیام ئەگەر ددان بە هەڵەکانمان بنێین، سەردەکەوین.
"وهرزشوانی دێرین"