محه‌مه‌د ئیلخانى سه‌رۆكى پارتى گه‌شه‌پێدانى توركمان و ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان راى ده‌گه‌یه‌نێت، گه‌ڕانه‌وه‌ى كه‌ركووك و دووزخورماتوو و ته‌له‌عفه‌ر بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، له به‌رژه‌وه‌ندى توركمانه، ئه‌و ئاماژه به‌وه ده‌كات له دواى 2003ه‌وه حكوومه‌تى عێراقى هاوشێوه‌ى رژێمى پێشوو، هیچ مافێكى نه‌ته‌وه‌یى و سیاسى بۆ توركمان ده‌سته‌به‌ر نه‌كردووه، له‌كاتێكدا توركمان له هه‌رێمى كوردستاندا مافه سیاسى و نه‌ته‌وه‌یییه‌كانى مسۆگه‌ر كردووه.
بارودۆخى توركمان له هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
توركمان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌ك له دواى راپه‌ڕینى 1991ه‌وه كۆمه‌ڵه و پارته‌كانى گه‌شه پێ دا، له‌گه‌ڵ پێكهێنانى حكوومه‌ت و په‌رله‌ماندا، قوتابخانه‌ى توركمانى و ده‌زگه‌ى راگه‌یاندنى توركمانى كرایه‌وه، ئه‌وه له‌مه‌ڕ مافه په‌روه‌رده‌یى و كولتوورى و رۆشنبیرییه‌كان، له‌و قۆناغه‌دا چه‌ندان پارت و حزبى توركمانى دروست بوون، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى پرۆسه‌ى سیاسى له كوردستاندا، توركمان هه‌وڵی دا نوێنه‌رایه‌تى له ده‌زگه‌كانى بڕیارداندا هه‌بێت تا له دواییدا پێنج كورسیى كۆتا بۆ نه‌ته‌وه‌ى توركمان له په‌رله‌مان جێگیر كرا و له كابینه‌كانى حكوومه‌تیشدا پۆستى وه‌زارى بۆ توركمان دیارى كرا. ئێسته ئه‌گه‌ر به‌راوردێك له بارودۆخى توركمان له ئێسته و رابردوودا بكه‌ین، ده‌بینین جیاوازییه‌كى زۆر هه‌یه و پێشكه‌وتنێكى باش هاتووه‌ته ئاراوه.
بارودۆخى توركمان له كوردستان چۆن به‌راورد ده‌كرێت به توركمان له عێراقدا؟
جیاوازى زۆر هه‌یه، له‌وه‌ته‌ى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه، حكوومه‌ته یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى عێراق دانیان به بوونى نه‌ته‌وه‌یى توركماندا نه‌ناوه، ته‌نانه‌ت له قۆناغى بزاڤى رزگاریخوازى كوردستاندا، ده‌وڵه‌تى عێراق دانى به بوونى نه‌ته‌وه‌یى كورددا ده‌نا، به‌ڵام هیچ كات دانى به بوونى نه‌ته‌وه‌یى توركماندا نه‌ناوه، واته بارودۆخى توركمان له‌رووى نه‌ته‌وه‌یییه‌وه به‌ته‌واوه‌تى خراپ بوو، ئه‌و بارودۆخه له دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه و ته‌نانه‌ت له قۆناغى دواى 2003یشدا حكوومه‌ته‌كانى عێراق هیچ حیسابێكیان بۆ نه‌ته‌وه‌ى توركمان نه‌كردووه، ئه‌و لایه‌نه توركمانییانه‌ش كه بانگه‌شه‌ى پاراستنى مافه‌كانى توركمان له ده‌وڵه‌تى عێراقدا ده‌كه‌ن، خۆیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و له‌لایه‌ن حكوومه‌تى عێراقیشه‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنراون. ئه‌وه جیاوازییه سه‌ره‌كییه‌كه به‌راورد به بارودۆخى توركمان له كوردستاندا. ئاشكرایه سه‌ركردایه‌تى سیاسیى كوردستان وه‌ك نه‌ته‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ توركمان ده‌كات و له‌رووى سیاسییه‌وه ره‌چاوى مافه‌كانى ده‌كات، ئێمه له په‌رله‌مان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا نوێنه‌رایه‌تى خۆمان هه‌یه، ئه‌و مافه وه‌ك ئیستحقاقێكى نه‌ته‌وه‌یى و سیاسى جێگیر كراوه و چیتر جێگه‌ى گفتوگۆ نییه. ئه‌گه‌ر سه‌ره‌تاى پێكهێنانى كابینه‌كه‌ى عه‌بادى به‌بیر بێنینه‌وه، له بارودۆخى توركمان له عێراق باشتر تێده‌گه‌ین، عه‌بادى به پاساوى ئه‌وه‌ى كه لایه‌نه‌كانى توركمان له‌ناو خۆیاندا رێك نه‌كه‌وتوون، ئاماده نه‌بوو وه‌زیرێك بۆ توركمان دابنێت، به‌ڵام ئه‌و پاساوه راست نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌بوو هیچ پۆستێك به توركمان نه‌درێت، چونكه ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه بۆ توركمان یه‌كلا بكرێته‌وه، ئه‌وه كاندیدێك ده‌بێت، بۆ نموونه له عێراق كێشه‌ى گه‌وره له‌سه‌ر پۆسته‌كانى وه‌زیرى ناوخۆ و به‌رگرى هه‌یه، سه‌یره عه‌بادى ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و ناكۆكییانه‌ى له‌سه‌ر پۆسته هه‌ستیاره‌كانى وه‌ك وه‌زیرى به‌رگرى و ناوخۆ هه‌یه، چاره‌سه‌ر بكات و وه‌زیره‌كان دابنێت، به‌ڵام ناتوانێت وه‌زیرێكى توركمان دابنێت، ئه‌وه روونه كه هۆكاره‌كه بۆ نكوڵیكردن له مافى توركمان ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌و پاساوانه لاواز و هیچن.
كه‌واته ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه له‌باره‌ى توركمان له‌و ناوچانه بێت كه به‌پێى ده‌ستوورى عێراق وه‌ك ناوچه‌ى جێناكۆك هاتوون، ئایا به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان له پاڵ عێراقه یان كوردستان؟
ره‌نگه سه‌رووى 60%ى توركمان له ناوچه جێناكۆكه‌كان و نزیكه‌ى 40%شیان له هه‌رێمى كوردستاندا ده‌ژین، بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیاره ده‌بێت به‌راوردێك له نێوان ره‌وشى توركمان له هه‌رێمى كوردستان و له عێراق بكرێت، له مسۆگه‌ركردنى مافه‌كانى كولتوورى و رۆشنبیرییه‌وه تا ده‌گات به مافه نه‌ته‌وه‌یى و سیاسییه‌كان، ئێمه پێشتر گوتمان كه له عێراقى دواى 2003یشدا دان به بوونى نه‌ته‌وه‌یى و سیاسى توركماندا نه‌نراوه، له‌كاتێكدا توركمان له كوردستان ئه‌و قۆناغه‌ى تێپه‌ڕ كردووه كه مه‌ترسییه‌كى له‌سه‌ر بوونى نه‌ته‌وه‌یى خۆى هه‌بێت. توركمان له كه‌ركووك و دووزخورماتوو هه‌ر له دواى 2003ه‌وه تا ئێسته ته‌نیا هاوار ده‌كات و هیچى تر، هاوار ده‌كات و عێراق وه‌ڵامى ناداته‌وه، راستیت ده‌وێت توركمان كه له‌وه‌ته‌ى دامه‌زراندنى ده‌وڵه‌تى عێراقه‌وه نكوڵى له مافه‌كانى كراوه و وه‌ڵامى داخوازییه‌كانى نه‌دراوه‌ته‌وه، ناكرێت چیتر روو له عێراق بكات، به‌ڵكو پێویست ده‌كات به ئاراسته‌ى هه‌رێمى كوردستان كار بكات و به هاوكارى له‌گه‌ڵ توركمانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌هێز بكات. ئه‌وه ئاشكرایه ئه‌گه‌ر كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر بۆ سه‌ر كوردستان بگه‌ڕێنه‌وه، ئه‌وه توركمان ده‌بێت به دووه‌م نه‌ته‌وه‌ى گه‌وره له كوردستاندا، به‌ڵام له‌پاڵ عێراقدا ئه‌وه روو نادات و مه‌ترسى ته‌ناهى و سیاسى له‌سه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. ئه‌وه روونه كه نه حكوومه‌ت و نه سوپاى عێراق ناتوانن توركمان له‌و ناوچانه‌دا بپارێزن، ئه‌وه ئاشكرایه سوپاى عێراق له‌كاتى هاتنى داعشدا ئه‌وانى جێ هێشت و خۆشبه‌ختانه پێشمه‌رگه خه‌ڵكه‌كه‌ى پاراست، ئه‌وه راستییه‌كه و ناتوانین نكوڵى لێ بكه‌ین.
ئایا توركمان له كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تردا هه‌مان بیركردنه‌وه‌یان هه‌یه؟
چه‌ند لایه‌نێكى سیاسیى توركمان ده‌یانه‌وێت پێچه‌وانه‌كه‌ى نیشان بده‌ن و ئیش بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌وان له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نى توركییه‌وه پاڵپشتى ده‌كرێن و حكوومه‌تى عێراقیش به‌هه‌مان شێوه هانیان ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وان به‌شێكى بچووكن و ناتوانرێت بگوترێ نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو توركمان له‌و ناوچانه‌دا ده‌كه‌ن.
كه‌واته ئه‌گه‌ر ریفراندۆم له كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تر بكرێت، توركمان به به‌ڵێ یان نه‌خێر ده‌نگ بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌ر كوردستان ده‌دات؟
ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نه سیاسییانه‌وه ده‌ستخه‌ڕۆ نه‌كراون، به به‌ڵێ ده‌نگ بۆ گه‌ڕانه‌وه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه بزانین كه توركمان له كه‌ركووك و ناوچه‌كانى تردا كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌یى نییه، به‌ڵكو كێشه‌یه‌كى مه‌زه‌ویى هه‌یه، زۆرێك له‌وان شیعه‌ن، له دواى 2003ه‌وه لایه‌نى شیعه‌ى عێراقى توانیویه‌تى له‌رووى مه‌زه‌وییه‌وه كاریگه‌رییان له‌سه‌ر دابنێت، ئه‌وه وای كرد ئه‌وان له جیاتى ئه‌وه‌ى بیر له لایه‌نى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان بكه‌نه‌وه، به‌ته‌نگ مه‌زه‌وێكه‌وه بن. ئه‌گه‌ر توركمان له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌ته‌وه‌یى بڕیار بدات، به‌دڵنیایییه‌وه كوردستان هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام كاتێك سه‌یرى بنه‌ما مه‌زه‌وییه‌كه ده‌كه‌ین، ئه‌وان چاوه‌ڕوانى بڕیارى مه‌رجه‌عى ئاینى و مه‌زه‌ویى خۆیان ده‌كه‌ن. له‌راستیدا لایه‌نى شیعه‌ى عێراقى، جگه له بنه‌ما مه‌زه‌وییه‌كه، له‌رووى نه‌ته‌وه‌یشه‌وه هه‌وڵ ده‌دات جڵه‌وگیرى سۆزى نه‌ته‌وه‌یى توركمان بكات، وه‌ها نیشان ده‌ده‌ن كه ته‌نانه‌ت پێویسته ئه‌وان قه‌واره‌ى خۆیان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا ده‌ستخه‌ڕۆكردنه، كاتێك ئامانجه‌كانیان ده‌پێكن، پشت له توركمان ده‌كه‌ن و هه‌مان زوڵمى جاران به‌رامبه‌ریان ده‌كرێته‌وه، به‌داخه‌وه توركمان له‌وێ به ئامانجى سیاسى جیا له ئامانجى نه‌ته‌وه‌یى خۆیان به‌كار ده‌هێنرێن.
كێشه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ چوون و نه‌چوونى حه‌شدى شه‌عبى بۆ ته‌له‌عفه‌ر هه‌یه، ئایا حه‌شدى شه‌عبى ده‌توانێت گره‌نتى پاراستنى توركمان له ته‌له‌عفه‌ر بكات؟
نه‌خێر، له بنه‌ڕه‌تدا حه‌شدى شه‌عبى پیلانێكه له‌لایه‌ن لایه‌نى باڵاده‌ستى شیعه‌ى عێراقییه‌وه داڕێژراوه، ئه‌وانه‌ى به‌ناوى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه شه‌ڕ ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك سوپا شه‌ڕ ده‌كه‌ن، ده‌توانرا له ریزه‌كانى سوپادا یان وه‌ك پشتیوانى سوپایى شه‌ڕ بكه‌ن، به‌ڵام ئامانجى تر له پشت حه‌شدى شه‌عبییه‌وه هه‌یه، حكوومه‌تى عێراقى ده‌یه‌وێت له رێگه‌ى حه‌شده‌وه چه‌ند ئامانجێك بپێكێت كه له رێگه‌ى سوپاوه وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كى فه‌رمى و رێكخراو ناتوانێت به‌دى بێنێت، یه‌كێك له ئامانجه‌كان ئه‌وه‌یه كه له رێگه‌ى حه‌شده‌وه نفووزى شیعه له هه‌موو ناوچه‌كاندا به‌هێز ده‌كات، ئه‌وه له رێگه‌ى سوپاى عێراقه‌وه ناكرێت، چونكه یاسا هه‌یه و حیسابیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام ناتوانرێت هه‌مان لێپێچینه‌وه و حیساب له‌گه‌ڵ چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى بكرێت. له‌باره‌ى ته‌له‌عفه‌ریشه‌وه ئاشكرایه، چوونى حه‌شدى شه‌عبى به ته‌نیا بۆ ته‌له‌عفه‌ر كێشه‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه، ره‌نگه چاره‌سه‌رى ناوه‌ندى ئه‌وه بێت كه هێزێكى هاوبه‌ش له سوپا و حه‌شدى شه‌عبى و هێزه‌كانى تر به سه‌ركردایه‌تییه‌كى سه‌ربازى هاوبه‌شه‌وه به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر بچن.
هه‌ڵوێستى توركمانانى ته‌له‌عفه‌ر له‌باره‌ى گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان چۆن ده‌بێت؟
هه‌ڵوێستى توركمانانى ته‌له‌عفه‌ر به‌راورد به هه‌ڵوێستى توركمان له ناوچه‌كانى تر، باشتر و ئه‌رێنیتر ده‌بێت، له ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند جارێك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تییه‌كانى توركمانى سوننه‌ى ته‌له‌عفه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه دانیشتن و داواى دیدارى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانیان كرد، ئه‌وان داوایان ده‌كرد كه هێزى پێشمه‌رگه به‌شدارى له ئازادكردنى ته‌له‌عفه‌ردا بكات و ته‌له‌عفه‌ر بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان بگه‌ڕێته‌وه، ئه‌وه داواكارى ئه‌وانه، راستیت ده‌وێت ئه‌وان زیاتر متمانه‌یان به شه‌خسى مه‌سعوود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه.
سه‌رنجه‌كه له‌سه‌ر قۆناغى دواى داعشه، ئێوه چۆن تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌یه‌كتان بۆ عێراقى دواى داعش هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ى پێوه‌ندى به كوردستان یان توركمانه‌وه هه‌بێت؟
زۆرێك وه‌ها بیر ده‌كه‌نه‌وه كه عێراق چیتر ناتوانێت به‌و شێوه‌یه‌ى ئێسته بمێنێته‌وه، ئه‌گه‌ره‌كه دروستبوونى هه‌رێمى تره له‌ناو عێراق یان دابه‌شكردنى بۆ سێ به‌شى كورد و شیعه و سوننه. ئه‌وه بۆ ئێمه روونه، حكوومه‌تى عێراقى كه له سه‌رده‌مى نه‌بوونى كێشه‌دا و له دواى 2003دا به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك دژ به پێشكه‌وتنه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوو، به‌دڵنیایییه‌وه له قۆناغى نائاسایى و پڕ له كێشه‌دا له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنى كوردستان نابێت. هه‌رێمى كوردستان له دواى داعش دوو ئه‌گه‌رى نزیكى له پێشه، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر پێشكه‌وتنێك له ناوچه‌كانى سوننه‌نشین هاته كایه‌وه، به‌دڵنیایییه‌وه هه‌رێمى كوردستان هه‌نگاوێكى زیاتر ده‌چێته پێشه‌وه و له چوارچێوه‌یه‌كى تردا رێكخستنه‌وه به پێوه‌ندییه‌كانى خۆى و عێراقدا ده‌كات، ئه‌گه‌رى دووه‌م ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمى كوردستان ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیى ده‌كات، مه‌رجیش نییه ریفراندۆم راسته‌وخۆ راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى له‌گه‌ڵ بێت، به‌ڵكو بۆ دیاریكردنى ویستى خه‌ڵكى كوردستانه، دواى ئه‌وه سه‌ركردایه‌تى كوردستانى ده‌توانێت ئه‌نجامى ریفراندۆمه‌كه وه‌ك كارتێكى سیاسى به‌كار بێنێت و له دواییشدا له‌گه‌ڵ هاتنه پێشى هه‌لومه‌رجى گونجاو، ته‌نیا بڕیارى راگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆیى و ده‌وڵه‌ت ده‌مێنێته‌وه. له‌راستیدا بۆ ریفراندۆم ده‌توانرێت به‌بێ ناوچه جێناكۆكه‌كانیش بكرێت، ئه‌زموونى له‌م شێوه‌یه زۆره، پاش ئه‌وه‌ى له هه‌رێمى كوردستان ریفراندۆم ده‌كرێت، هه‌تا ئه‌گه‌ر كوردستان سه‌ربه‌خۆیى رابگه‌یه‌نێت، ئه‌وكات ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌بن به‌ناوچه‌ى جێناكۆكى نێوان دوو ده‌وڵه‌تى عێراق و كوردستان و له قۆناغى دووه‌مدا ده‌شێت چاره‌نووسى ئه‌و ناوچانه‌ش یه‌كلا بكرێته‌وه.