پشكنینی نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر لە نەخۆشخانەكان چڕ دەكرێتەوە

:: PM:05:40:15/04/2017 ‌

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگەداری نەخۆشخانە حكوومی و ناحكوومییەكان دەكاتەوە، هەر نەخۆشێك بۆ چارەسەر برینداربوونی تێبكەوێت پێویستە پشكنینی ڤایرۆسی جگەری بۆ بكرێت و بە پێچەوانەوە نەخۆشخانەكان تووشی سزا و لێپێچینەوە دەبن.

ئەمڕۆ شەموو خالس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی هاووڵاتییان و نەخۆشخانەكان كرد كە تیایدا هاتووە، سەرجەم نەخۆشخانە حكوومی و ناحكوومییەكان ئاگەدار كراونەتەوە كە پێویستە پێش ئەنجامدانی هەر كارێكی پزیشكی كە برینداربوونی نەخۆشەكەی تێبكەوێت، پێویستە پشكنینی ڤایرۆسی جگەری بۆ ئەنجام بدرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە پەیامەكەیدا دەڵێ، پشكنین بەتایبەت پێوستە بۆ جۆرەكانی ڤایرۆسی جگەر لە جۆرەكانی (ئەی، بی و سی) بكرێت، دوای ئەو سێ پشكنینە ئینجا چارەسەری نەخۆشەكە بكرێت.

قادر ئاشكرای دەكات، لیژنەكانی تەندروستی بەدواداچوون دەكەن بۆ ئەو مەبەستە و هەر نەخۆشخانەیەك پابەندی بڕیارەكە نەبێت، لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

نەخۆشی ڤایرۆسی جگەر یەكێكە لەو نەخۆشیانەی كە كەسی تووشبوو هەستی پێ ناكات تاوەكو پشكنیكی بۆ دەكرێت و زۆرجار دەگاتە دۆخی مەترسیدار.



وشە - رامیار جەواد