زانیوتە ئەمڕۆ ریال و بەرشە چەندەمین یاریی كلاسیكۆ دەكەن؟

:: PM:12:13:23/04/2017 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم یانەی ریال مەدرید لە یاریی كلاسیكۆدا و لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە گەڕی 33ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا مێوانداریی یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری دەكات.

هەردوو یانەكە لە مێژووی خولی ئیسپانیادا تا ئێستا 173 جار رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە.

زۆربەی سەركەوتنەكان بۆ یانەی ریال مەدرید بووە كە 72 سەركەوتن بووە، لەبەرامبەریشدا یانەی بەرشەلۆنە 68 سەركەوتنی بەدەستهێناوە، هەردوو یانەكەش لە 33 یاریدا یەكسان بوونە.

دوایین رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو یانەكە لە گەڕی 14ی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا بوو لەنێو یاریگەی كامپ نوو كە تێیدا لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كردبوو، بەڵام لە خولەكی كۆتاییدا سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید گۆڵی یەكسانبوونەوەی تۆمار كردبووەوە و هەردوو یانەكە بە ئەنجامی 1-1 گۆڵ یەكسان ببوون.

یانەی ریال مەدرید ئێستا بەكۆكردنەوەی 75 خاڵ لە ریزی یەكەمی یانەكانی خولی ئیسپانیا دێت و یارییەكی دواخراویشی بەرامبەر یانەی سێلتا فیگۆ ماوە، لەبەرامبەریشدا یانەی بەرشەلۆنە 72 خاڵی كۆ كردووەتەوە و لە ریزی دووەم دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م