‏‎ڕوونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

:: PM:10:36:08/09/2023 ‌

ڕوونکردنەوەیەک لە گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گوتەکانی گوتەبێژی حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی پابەندی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دەرخستنی ڕاستییەکان.

‏‎‏‎هەرێمی کوردستان بەپێی خشتەکانی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023، شایستەی 16 ترلیۆن و 498 ملیار دینارە کە مانگانە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار، لەم بڕە مانگانە 905 ملیار دیناری تەرخانکراوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. بەڵام لە یەکی کانوونی دووەمی 2023 تا ئێستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەنیا بڕی دوو ترلیۆن و 598 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان خەرج کردووە، کە 400 ملیاری ئەم پارەیە دەگەڕێتەوە بۆ مانگی یانزە و دوانزەی ساڵی 2022، لە کاتێکدا بە پێی خشتەکانی یاسای بودجە تا مانگی هەشتی ساڵی 2023 بڕی 11 ترلیۆن تەرخانکراوی هەرێمی کوردستانە.

‏‎‏‎لە یەکی کانوونی دووەمی 2023 مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی تر عێراق بە پێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنیا بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر ڕێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی تر عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز ‏‎‏‎ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەش کراوە.

‏‎دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، 500 ملیار دینارە بە شێوازی قەرز، ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە 320 ملیار دینار، ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە.

‏‎‏لەبارەی داهاتی نەوت، لە مانگی سێی ئەمساڵەوە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق خۆیان لە 25ی حووزەیران، تا ئێستە ڕۆژانە تێکڕا بڕی 85 هەزار بەرمیل نەوتیان وەرگرتووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی و حکوومەتی هەرێم ئامادەش بووە هەر بڕێک کە ئەوان بیانەوێت پێیان بدات، بەو ڕێژەیەی کە وەزارەتی نەوت داوای کردووە و لە توانای پاڵاوگە ناوخۆییەکاندایە، لە بەرانبەردا حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پابەندی سەرشانی بۆ خەرجکردنی تێچوونی ئەم نەوتە لە ئەستۆ نەگرتووە و یەک دیناری نەناردووە بۆ خەرجی دەرهێنان و بەرهەمهێنان ‎‏‎و گواستنەوەی نەوتەکە.
‏‎‏‎
لەبارەی داهاتی نا نەوتی هەرێمی کوردستانیش هەر لە سەرەتاوە شەفافانە هەموو داتا و ژمارەکان خراونەتە بەردەست وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و وردبینییان بۆ کراوە، ئامادەییشمان نیشان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان لەنێوانیاندا یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵ کە داهاتە نانەوتییەکانی فیدراڵی تەسلیم بکرێت، کەچی وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەفسیرێکی مەرکەزییان هەیە بۆ داهاتە نانەوتییەکان و هەمیشە زیاتر لەوەیان بڕیوە کە هەرێم هەیەتی لەناو ‏‎‏‎شایستە داراییەکاندا، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە.

‏‎‏‎لە کۆتاییدا ڕای دەگەینین هیچ هۆکار و بیانویێک نابینین بۆ نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و پێویستە دوور لە ئینفاقی فیعلی بەبێ هیچ تێکەڵکردنێک هاوشێوەی ناوچەکانی تر عێراق مووچە بنێردرێت و بەپێچەوانەی قسەکانی گوتەبێژ، مووچەخۆرانی هەرێم نەک سێ هێندەی مافی خۆیان بۆ نەنێردراوە بەڵکو لەژێر ناوی قەرزدا ئەوەی کە بۆشیان نێردراوە نیوەی مافیشیان نییە و مووچەی چەند مانگێک پەڕێندراوە و باسی ناردنیشی نەکراوە.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان