به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گزۆسی ئۆتۆمبێل سێ ڕه‌نگی دووكه‌ڵ ده‌رده‌دات، ئه‌وانیش ''سپی، شین و ڕه‌ش'' هه‌ریه‌كه‌یان به هۆكارێكی جیاواز له بزوێنه‌ره‌وه دروست ده‌بن و له‌ڕێی گزۆسه‌وه ده‌رده‌درێن، وه‌ك نیشان و ئاماژه‌یه‌ك بۆ شۆفێر كه له‌وانه‌یه گرفت بێت له به‌شێكی دیاریكراوی ئۆتۆمبێله‌كه.
كاروان ڕه‌زا شاره‌زای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل، بۆ ''وشه'' گوتی، ده‌ردانی دووكه‌ڵ به ره‌نگ ئاگاداركردنه‌وه‌یه بۆ شۆفێر كه گرفتێك هه‌یه له به‌شێكی ئۆتۆمبێلدا، پێویسته پشكنین بۆ ئۆتۆمبێله‌كه بكرێت و به‌گوێره‌ی حاڵه‌ته‌كه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت.
سێ ره‌نگی سه‌ره‌كیی دووكه‌ڵمان هه‌ن له‌گه‌ڵ هۆكاری دروستبوونیان:
- دووكه‌ڵی سپی: دووكه‌ڵی سپی نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئاو ده‌چێته سلێنده‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵبوونی به‌نزین و هه‌وا ده‌سووتێت و ده‌بێت به هه‌ڵم، واباشتره ئه‌گه‌ر دووكه‌ڵه‌كه زۆر بوو، سه‌ردانی ناوچه‌ی پیشه‌سازی بكه‌یت و پشكنینی بۆ ئه‌نجام بده‌یت، به‌ڵام له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا له وه‌رزی سه‌رما ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گه‌رم نه‌كردنی ئۆتۆمبێل و به‌پێی كات نامێنێت، به‌ڵام كاتێك ئۆتۆمبێله‌كه گه‌رم بوو و دووكه‌ڵه‌كه هه‌ر مابوو پێویسته چاره‌سه‌ر بكرێت.
- دووكه‌ڵی شین: دووكه‌ڵی شین نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه رۆن و به‌نزین تێكه‌ڵ بووه، ئه‌مه‌یش گرفتێكی گه‌وره‌یه بۆ بزوێنه‌ر و ئه‌گه‌ری سووتانی گاسكێت دروست ده‌كات، بۆیه باشتره زوو چاره‌سه‌ر بكرێت.
- دووكه‌ڵی ڕه‌ش: به‌نزین زیاد له پێویست ده‌سووتێت، بزوێنه‌ر له بارودۆخێكی خراپدایه، ئه‌گه‌ر زوو چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، گرفتی زیاتر دروست ده‌كات و تووشی خه‌رجییه‌كی زۆرت ده‌كات.
بۆ دووربوون له هه‌ر كێشه‌یه‌كی میكانیكی و كاره‌بایی، باشتره شه‌ش مانگ بۆ ساڵی جارێك سێرڤسی گشتی بۆ ئۆتۆمبێله‌كه‌ت بكه‌یت، چونكه له‌ڕێیه‌وه ده‌توانی پشكنین بۆ هه‌موو به‌شه‌كانی ئۆتۆمبێل بكه‌یت و بزانی دۆخی میكانیكی و كاره‌بایی ئۆتۆمبێله‌كه‌ت له چ ئاستێكدایه.