هه‌ر ئۆتۆمبێلێك به‌جیا ئه‌گه‌ر ''سێدان بێت، SUVی بێت، پیكاپ بێت یا بارگه‌ڵگر، یانیش هه‌ر مۆدێلێكی تر'' ناوچه‌ی كوێری هه‌یه كه تێیدا له‌ڕێی ئاوێنه‌كانی راست و چه‌پی، ناتوانێ دواوه و ته‌نیشته‌كانی بیبینێ، ئه‌ی چۆن كۆنترۆڵی ناوچه‌ی كوێر بكه‌ین، شاره‌زایه‌ک وه‌ڵام ده‌داته‌وه.
ناوچه‌ی كوێر یان خاڵی كوێر، ده‌سته‌واژه‌یه‌كه بۆ ئۆتۆمبێل به‌كار دێت كه تێیدا شۆفێر له‌ڕێی ئاوێنه‌كانی ''چه‌پ و راست'' دواوه و ته‌نیشته‌كانی نابینێت، بۆیه ئاراس ئه‌حمه‌د شاره‌زای بواری میكانیكی، بۆ ''وشه'' گوتی، كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێل توانیویانه له‌ڕێی چه‌ند ئاوێنه‌یه‌كه‌وه كارئاسانی بۆ شۆفێران بكه‌ن كه دواوه و ته‌نیشته‌كانیان كۆنترۆڵ بكه‌ن به مه‌به‌ستی سه‌لامه‌تیی زیاتر.
''به‌ڵام به‌درێژایی تێپه‌ڕبوونی كات شاره‌زایان شتێكیان دۆزییه‌وه پێی ده‌گوترێ ناوچه‌ی كوێری ئۆتۆمبێل كه تێیدا ئاوێنه كۆنترۆڵی ناكات، باشترین كاریش بۆ ئه‌وه‌ی بتوانی ناوچه‌ی كوێر كۆنترۆڵ بكه‌یت، ئه‌وه‌ی هه‌ندێك جار له كاتی پێویست، به وریاییه‌وه ئاوڕ بده‌یته‌وه بۆ ناوچه‌ی كوێر تا بزانی هیچ مه‌ترسییه‌ك هه‌یه یان نا، ئه‌مه‌یش زیاتر بۆ پێچكردنه‌وه یان لادان به‌لای ڕاست و چه‌پدا، ڕاسته''. ئه‌م شاره‌زایه وای گوت.
هۆشداریی ئه‌وه‌یش ده‌دات و ده‌ڵێ، یاساكانی هاتوچۆ ئاماژه‌یان به‌وه داوه، هه‌میشه ده‌بێ شۆفێر چاوی له ناوچه‌ی كوێر بێت له كاتی شۆفێریدا، چونكه هه‌ندێك حاڵه‌ت هه‌ن، ئۆتۆمبێل دێنه ناوچه‌ی كوێره‌وه تۆی شۆفێریش ئاگات لێی نابێت، ئه‌گه‌ر ئاوڕ نه‌ده‌یته‌وه و بته‌وێ پێچ بكه‌یته‌وه، ئه‌وا مه‌ترسی رووداوی هاتوچۆ دروست ده‌بێت، بۆیه هه‌میشه وریابه.