هه‌رگیز ئاوی ماڵان مه‌كه‌ ناو ده‌به‌ی ڕادێته‌ره‌وه‌

:: PM:02:41:13/09/2023 ‌

ده‌به‌ی ڕادێته‌ر كه‌ ناوه‌ زانستییه‌كه‌ی ''تانكی ڕیسۆرڤواره‌'' به‌شێكی گرنگه‌ له‌ بزوێنه‌ری ئۆتۆمبێل كه‌ كاری رێكخستنی په‌ستانی شله‌ی ڕادێته‌ره‌ له‌ كاتی پێویستدا.

هانا ئیسماعیل شاره‌زای بواری میكانیكی ئۆتۆمبێل، بۆ ''وشه‌'' گوتی، ده‌به‌ی ڕادێته‌ر به‌كار دێت بۆ ڕێكخستنی په‌ستانی شله‌ی ڕادێته‌ر و گرتنه‌خۆی ئاوی زیاده‌ی ڕادێته‌ر له‌ په‌ستانی به‌رزدا، ئه‌مه‌یش له‌ كاتی پێویست و پاڵه‌په‌ستۆی زۆری ئاو، ئه‌م ده‌بۆیه‌ ڕێكی ده‌خات و مه‌ترسی زیانگه‌یاندن به‌ سیستمی خولانه‌وه‌ی ئاو كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

''به‌ڵام هه‌ندێك له‌ شۆفێر له‌ كاتی پڕكردنه‌وه‌ی ڕادێته‌ردا ئه‌م ده‌به‌یه‌ پڕ ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش كارێكی هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ سیستمه‌كه‌ تووشی په‌ستانی زۆر ده‌بێت له‌ كاتی پله‌ی گه‌رمی زۆر و كێشه‌ بۆ بزوێنه‌ر دروست ده‌كات، هه‌موو ده‌به‌یه‌ك ئاستی خۆی بۆ دیاری كراوه‌ له‌ ئۆتۆمبێلدا''. وه‌ستا هانا وای گوت. 

ئه‌و رێنوێنیی شۆفێران ده‌كات و ده‌ڵێ، تا ده‌كرێت ئاوی ماڵان مه‌كه‌نه‌ ناو ئه‌م ده‌به‌یه‌وه‌، چونكه‌ ژه‌نگ و كلس دروست ده‌كات، بۆیه‌ ''ئه‌نتیفریز'' باشترین جۆری ئاوه‌ كه‌ بكرێته‌ ده‌به‌كه‌وه‌ و ئه‌و ئاوه‌ دژه‌ به‌ستنه‌یش به‌ناو بۆڕییه‌كانی رادێته‌ر و بزوێنه‌ردا بڕوات.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان