مەترسیی خواردنەوە گازییەكان هاوتایە لەگەڵ زیانەكانی جگەرە

:: AM:11:46:25/10/2016 ‌

كۆمپانیاكانی كۆكاكۆلا و پیپسی كۆلا، ساڵانە بە ملیۆنان دۆلار پارە خەرج دەكەن بۆ ئەوەی كاریگەرییەكانی بەرهەمەكانیان وا پیشان بدەن كە هیچ مەترسییەكی بۆ سەر تەندروستی نییە. بەڵام خواردنەوەیان بە یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی قەڵەویی هەژمار دەكرێت.

ئەنجامەكانی نوێترین لێكۆڵینەوە ئەوە دەردەخەن، كە لە ئەمەریكا رۆژ بەڕۆژ زیاتر لە جاران كێشی خەڵك بەرز دەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی كە كۆمەڵێك دەزگە و رێكخراو بەدواداچوون بۆ چارەسەریی قەڵەویی دەكەن كە سەرچاوەی بەشێك لە نەخۆشییەكانە.

پسپۆڕێكی بواری خۆراك باسی لەوە كردووە كە ئاماری مردن بە هۆی ئەو نەخۆشییانەی كە سەرچاوەكەیان قەڵەوییە، رێك هێندەی ئاماری مردنە بەهۆی كێشانی جگەرەوە.

لە توێژینەوەیەكدا كە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لەسەر ١٢٠ هەزار كەسی ئەمەریكا ئەنجام دراوە، خواردنەوەی یەك قوتوو پیپسی لە رۆژدا زیاتر لە هەموو خواردنەكانی تر كاریگەریی بۆ سەر قەڵەوبوون هەیە.

بەرزكردنەوەی باج، سنوورداركردنی بواری رێكلام ئەو هەنگاوانەن كە حكوومەتی ئەمەریكا بەرامبەر بەو كۆمپانیایانە گرتوویەتە بەر. ئەو دوو كۆمپانیایەش بە دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ دروستكردنی لۆبی و رووبەڕووبوونەوەی ئەو یاسایانە خەرج كردووە كە زیانیان پێ دەگەیەنێت. بەرزبوونەوەی بڕی بەرهەمهێنانی ئەو دوو كۆمپانیایە ئەو راستییە دەردەخات كە ئەوان لەو رووبەڕووبوونەوەیەدا توانیویانە سەركەوتنی بەرچاو مسۆگەر بكەن.

هاوكات ماریون نەستەلە پسپۆڕی بواری خۆراكی زانكۆی نیویۆرك گوتوویەتی، ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانیان لە نێوان ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٩٦ ئەوەی دەرخستووە، تێكڕای بڕی بەكاربردنی كالۆری ١٠ یەكە بووە و ئێستەش لە هەر چوار هاووڵاتیی ئەمەریكا، یەكێكیان رۆژانە سەرووی ٢٠٠ یەكە كالۆری لە لەشیدا كۆ دەكاتەوە كە بەهۆی خواردنەوە گازییەكانە و ٢٠%ی دانیشتووانی ئەمەریكا بڕی بەكاربردنی ئەو كالۆرییە لە لەشیان رۆژانە دەگاتە ٥٧٠ یەكە.

ئێستە دوو لەسەر سێی دانیشتووانی گەورەساڵی ئەمەریكا بەدەست ئەو كێشانە دەناڵێنن كە لە قەڵەوییەوە سەرچاوەیان گرتووە. قەڵەویی پێنج تا هەشت ساڵ لە تەمەنی مرۆڤ كەم دەكاتەوە و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شەكرە، پاڵەپەستۆی خوێن و شێرپەنجە بەرز دەكاتەوە.

سەرچاوە/دۆیچەوێلێ


وشە - سلێمان تاشان