ئەوەی ڤاکسینى كۆڕۆنای لە خۆی دابێت دڵی نەخۆشە

:: PM:06:08:20/02/2024 ‌

بەپێی توێژینەوەیەكی نوێ، ڤاکسینى كۆرۆنا، ئەگەری تووشبوون بە شڵەژانی دڵ و خوێن و كۆئەندامی دەمارى زیاد كردووە.

وەك لەو توێژینەوەیەی تیمێكی نێودەوڵەتیی پزیشكی پێی گەیشتوون، لە ئەنجامی پشكنینی 99 كەس كە پێشتر كوتانی دژەكۆڕۆنایان لێ دراوە، 13 كەسیان تووشی دۆخێكی نەخۆشی بوون و هەمووشیان تەنیا لە یەك وڵات نەبوون، بەڵكو نموونەكانیان لە هەشت وڵاتی جیاواز وەرگرتووە.

توێژەران بۆیان دەركەوتووە، ئەو ڤاکسینانەى كۆمپانیاكانی ڤایزەر، مۆدیرنار و ئەسترازینیكا دروستیان كردوون، بە شێوەیەكی زۆر دیار، ئەگەری تووشبوون بە پێنج جۆر دۆخی نەخۆشی دروست دەکەن، لەوانە تێكچوونی دەمارەكان كە ئەمەش تووشبوو لە كاتی ڕۆیشتندا تووشی ناجێگیری دەكات، هەروەها زیانیش بە بیركردنەوەی دەگەیەنێت.

توێژینەوە بەریتانییەكە هۆشداری داوە كە چەندان جۆری تری شڵەژانی تووشی بەكارهێنەرانی ئەو ڤاکسینانە كردووە، بەڵام ئەوانە جارێ پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی زیاترە، وەك ئاوسانی مێشك.

ئەوەی جارێ مەترسییەكەی گەورە نەكردووە ئەوەیە، تا ئێستە لە كۆی 13 ملیار دەرزی كە بەكار هاتوون، تەنیا دوو هەزار كەس تووشی ئەو جۆرە دۆخانە بوون.

هارلان كرۆمهۆلز، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی بیل نیوهاڤن بۆ توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی ئەنجامەكان كە ئەندامی ئەم توێژینەوە نوێیەی سەر ڤاکسینى كۆڕۆنایە، دەڵێت: هەردوو دیوەكە ڕاستە؛ ئەم ڤاکسینانە ملیۆنان خەڵكیان لە مردن ڕزگار كرد، بەڵام ئەگەریشی هەیە بۆ هەندێكیان بە نەرێی بشكێتەوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر