پێشبینیی مەترسیدار بۆ دوای مانگی رەمەزان هەیە.. ئەمەریكا بەنیازی چییە؟

:: PM:06:19:10/03/2024 ‌

لەوكاتەی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەردانێكی فەرمی لە ئەمەریكا بوو و چاوی بە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ئەمەریكا و كۆنگرێس كەوت، رەوتێك لە میدیاكانی ئەمەریكا ئاراستەیەكی جیاوازیان وەرگرت، ئەوەیان بیر كۆشكی سپی هێنایەوە بە پێویستی كشانەوەی ئەمەریكا لە ناوەڕاست و رۆژئاوای عێراق و جێگیربوون لە هەرێمی كوردستان. 

سەرۆكی حكوومەتی هەرێم چەندان بابەتی گرنگی لەگەڵ ئەمەریكییەكان باس كرد، ئەو لە سەرەتای ئەم مانگەدا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسیان لە گرنگیی جێبەجێكردنی دەستووری عێراق بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان كرد، لەگەڵ جاك رید، سەرۆكی لیژنەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجوومەنی پیران لەسەر بەردەوامیی ئەمەریكا لە پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە رێك كەوت.

سەبارەت بە بیرۆكەی جێگیركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، بەرپرسێكی ئەمەریكا بە وردی نەپڕژایە سەر بابەتەكە، ئاماژەی كرد كە ئەو بابەتە لەناو گفتوگۆكانی ئێستە نییە، بەڵام مەترسیی خۆی لە هێرشی مەترسیداری گرووپە چەكدارەكان لە دوای مانگی رەمەزان دەربڕی، رەنگە شوێنی هێرشەكان لە نزیك سنوورەكانی عێراق و ئوردن بێت، هاوكات لەگەڵ سەردانی شاندێكی باڵای ئەمەریكا، بۆیە وریایی لە سەپاندنی سزا بەسەر عێراق دا، ئەگەر گفتوگۆكانی ئێستە بێتە شكستهێنان.

سەبارەت بە پێشبینیی شرۆڤەكاران سەبارەت بە دۆخی عێراق، ئەوان پێشبینیان كرد كە لە دوای مانگی رەمەزاندا هەڵسەنگاندنی مەیدانی بێتە گۆڕان و هەموو ئەگەرێكیش هەیە، لەوانە كشانەوە و جێگیربوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، ئەوە ئەگەر هێرشی میلیشیاكان بە هاوشێوەی هێرشەكەی تاوەری 22 دووبارە ببێتەوە.

بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێت، سەبارەت بەو گفتوگۆ دووقۆڵییانەی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی مەیدانی هەیە، بۆ دیاریكردن و تێگەیشتنە لە پێویستییەكانی گۆڕان بۆ هاوبەشییەكی بەردەوامی تەناهی لەگەڵ عێراق، پێمان وایە بوونی نوێنەرانی حكوومەتی هەرێم لە لیژنەی سەربازیی عێراق زۆر گرنگە و سوودی هەیە بۆ یارمەتیدان لە هەڵسەنگاندنێكی بابەتییانە.   

ئاماژەی كرد، ناتوانم قسە لەسەر شتێك بكەم كە باسمان نەكردبێت، واتە كشانەوە بەرەو هەرێمی كوردستان، جیا لەوە كشانەوە لە عێراق لە ئەجیندای ئەمەریكا نییە و مەبەستێك نییە لەو گفتوگۆ هاوبەشانەی دەكرێن، سەبارەت بە سەردانەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم ئەو بەرپرسە ئاماژەی كرد، سەرۆكی حكوومەتی هەرێم گەشتێكی گرنگی لە واشنتن ئەنجام دا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوە و كۆنگرێس گوێیان لە باسێكی گرنگ سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی سیاسی و ئابووری لە نێوان هەولێر و بەغدا گرت، ئێمە یارمەتی هەردوولا لە چارەسەركردنی ئەو ناكۆكییانە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەدەین.

ئەسیر شەرع، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەگەری هەیە لە دوای گەیشتن بە رێككەوتنێكی گشتیی هاریكاری لەگەڵ حكوومەتی عێراق، هێزە شەڕوانەكانی ئەمەریكا بەرەو كوردستان بكشێنەوە و تەنیا تیمی دیپلۆماسی لە بەغدا بمێنن، بەڵام لە حاڵەتی شكستهێنانی گفتوگۆكان و هێزەكانی ئەمەریكا و تیمی باڵوێزخانەی ئەمەریكا كشانەوە، خۆمان لە بەرانبەر هاوكێشەیەكی جیاواز دەبینینەوە، پێویست دەكات ئامادەسازی بۆ كردەیەكی سەربازی و سزای ئابووریی ئەمەریكا دەكات.

روونی كردەوە، بۆیە ئەوەی دوای مانگی رەمەزان روودەدات یەكلاكەرەوەیە و شێوەی پێوەندیی عێراق و ئەمەركیا دیاری دەكات، چونكە هەندێك لە گرووپە چەكدارەكان خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوە و هێرشكردنە سەر ئەمەریكا لە سنوورەكانی عێراق- سووریا- ئوردن ئامادە كردووە، ئەوەش هاوكات لەگەڵ سەردانی بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا بۆ بنكەی سەربازی تاوەری 22، كە لە كانوونی دووەمی رابردوو هێرشی كرایە سەر، بۆیە تا ئەوكاتەی ئەنجامی گفتوگۆكان نادیار بێت، هەموو ئەگەرێك هەیە، بەتایبەتی لە سایەی سووربوونی ئەمەریكا بەوەی لە عێراق پاشەكشە ناكات.

لای خۆیەوە د. رێبین سەلام، توێژەری سیاسی دەڵێت، ئەو لیژنە عێراقییەی لەگەڵ ئەمەریكا سەبارەت بە كشانەوەی ئەمەریكا لە عێراق لە گفتوگۆدان، نوێنەری هەرێمی كوردستانیشی تیادایە، كفتوگۆكان تا ئێستە بەردەوامن، هاوكات حكوومەتی هەرێم پابەندە بە بڕیارەكانی حكوومەتی فیدراڵی لەبارەی ئەو دۆسیە ئاڵۆزەدا، لەوانەش بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور.

ئاشكرای كرد، هەرێمی كوردستان پابەندی ئەنجامی گفتوگۆی لیژنە دانوستانكارەكانە هەرچییەك بێت، بە كشانەوە یان بە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، لیژنەكان تاوتوێی سێ پێوەر بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەكەن، لەوانە ئامادەسازیی شەڕوانیی هێزە عێراقییەكان و هەڵسەنگاندنی مەترسییەكانی تیرۆر و راسپاردەكانی پنتاگۆن لەوبارەوە.

قاسم عەسكەری، شرۆڤەكار لە سەنتەری "قمە"، دەڵێت، ئامادەیی و پێشوازی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لەخۆگرتنی هەموو هێزەكانی ئەمەریكا لە هەرێم هەیە، ئەوە ئەگەر ئەمەریكا بڕیار بدات هێزەكانی بەغدا و ئەنبار جێبێڵن، هاریكارییەكی گەورە لە نێوان هەولێر و واشنتن لە هەموو بوارەكان هەیە، بەتایبەتی لە دوای ئاڵۆزبوونی پێوەندیی سیاسی لە نێوان بەغدا و هەولێر لە ماوەی رابردوو.

ئەو شرۆڤەكارە دووپاتی كردەوە، بەگشتی هەموو پێشبینییەكان بەو ئاراستەیەن كە ناكرێ هێزەكانی ئەمەریكا لە گۆڕەپانی عێراق پاشەكشە بكەن، ناكرێ بنكە سەربازییەكانیان چۆڵ بكەن، چونكە ئەمەریكا عێراق بە خاڵێكی گرنگی بوونی خۆی لە ناوچەكە دادەنێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل