پزیشكێكی ڕووسی: وازهێنان لە خواردنی نان كێش دانابەزێنێت

:: AM:10:58:18/03/2024 ‌
زۆربەی توێژینەوە پزیشكییەكان، خواردنی دانەوێڵە پاڵاوتەكان وەك نان و برنجی سپی، بەمەترسی دەزانن و پێیان وایە تووشبوون بە نەخۆشیی خوێنبەرەكان زیاد دەكات، بەڵام پسپۆڕێكی رووسی پێی وایە، خواردنی نان تەنیا بۆ ئەو كەسانە سنووردار بكرێت كە بەدەست نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرسەوە دەناڵێنن.

توێژینەوە زانستییەكان باس لەوە دەكەن، دانەوێڵەكان لە كاتی هاڕینیاندا بۆ دروستكردنی ئارد، بەها خۆراكییەكانیان لە دەست دەدەن، هەروەها وەك ژەمی خۆراكی دەوڵەمەند بە شەكر و زەیتەكان وان.

د. یولیا تشیگۆنینا پسپۆڕی خۆراكی ڕووسی ئاماژە بەوە دەكات، ئەو باوەڕە باوەی كە پێی وایە وازهێنان لە نان، یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی كێش، ئەفسانەیە.

پسپۆڕی خۆراكی رووسی باس لەوە دەكات، بۆ دابەزاندنی كێش باشترە و گرنگترە واز لە بەرهەمە شەكردارەكان و شیرینییەكان بهێنن كە جگە لە ئارد، ڕێژەیەكی زۆر چەورییان تێدایە.

بە بڕوای ئەو پزیشكە، نان تازە ناتوانێت زیان بە گەدەی كەسێكی تەندروست بگەیەنێت، وەك زۆر كەس پێیان وایە، بۆیە پێویستە بەكارهێنانی تەنیا بۆ ئەو كەسانە سنووردار بكرێت كە بەدەست نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەرسەوە دەناڵێنن .

لەبارەی نانی جۆوە ئەو پزیشكە ڕووسییە دەڵێت، ناكرێت بڵێین نانی جۆ باشتر و تەندروستترە لە نانی سپی، چونكە ئەوە پێوەندیدارە بە جۆری ئەو ئاردەی نانەكەی لێ دروست دەكرێت.



وشە - سۆران عەزیز