بەڵایەكی تر بەهۆی زۆردانیشتنەوە دۆزرایەوە

:: PM:08:37:18/03/2024 ‌

پێشكەوتنی تەكنەلۆجی لە سی ساڵی ڕابردوودا وای كردووە، چیتر مرۆڤ زۆر پێویستی بە جووڵە نەبێت بۆ ئەوەی ئیشەكانی بكات، بەڵام لە ڕووی تەندروستییەوە هەموو ئەم تەپۆیەتییەی ئێستە خەڵك تێی كەوتووە، كوشندەیە و پێویستە سنوورێكی بۆ دابنرێت.

توێژەران لە زانكۆی كالیفۆرنای ئەمەریكا، لێكۆڵینەوەیەكی قووڵ و درێژیان لەسەر ئەم زۆردانیشتنە كردووە و گەیشتوونەتە سەرەنجامی مەترسیدار.

لەو توێژینەوەیەدا كە پێنج هەزار و 856 ژنی تەمەن 63 بۆ 99 بەشدارییان كردووە، ئامێری چاودێرییان لەسەر داناون بۆ ئەوەی بزانن ئێسك و ماسولكەكانیان چۆن كار دەكات. پاش دە ساڵ لەو چاودێرییە، هەزار و 733 كەسیان گیانیان لەدەست دابوو. لە ئەنجامدا بۆیان دەركەوت، ئەوانەی زیاتر لە 11 سەعات كاتەكانیان لە دانیشتندا خەرج دەكەن، بە ڕێژەی 57% ئەگەری مردنیان زیاترە لەوانەی كە بە ڕێژەی نۆ سەعات یان كەمتر دادەنیشن.

توێژەران دووپاتی دەكەنەوە، وەرزش یان هەر جووڵەیەكی ڕۆژانەی بەردەوام كە نەهێڵێت مرۆڤ دابنیشێت، ئەگەری تووشبوون بە زۆر نەخۆشی كەم دەكاتەوە و مردنیش دوور دەخاتەوە.



وشە - عەبدوڵا عومەر