نووسەرێك: هەموو دنیا دەزانێت كە پارتی ترسی لە هەڵبژاردن نییە و هەمیشە حزبی یەكەم و دایك بووە

:: PM:09:17:24/03/2024 ‌

مامۆستایانی زانكۆ و نووسەر و چاودێرانی سیاسی ئاماژە دەكەن كە لەدوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە ساڵی 2009وە، یەكێتی هەڵبژاردن دوا دەخات و بە بەرچاوی دنیاوە ساختەكاری ئاشكرا دەكات، لەوكاتەی پارتی هەمیشە بەرانبەر بە یەكێتی لەبەر بارودۆخی ناوخۆیی ئەو حزبە نەرمی نواندووە، كەچی ئێستە كە پارتی هەڕەشەی بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە، یەكێتی بەهەموو شێوەیەك پەلاماری پارتی دەدا و تۆمەتباری دەكات.

د. رێبین سەلام، مامۆستای زانكۆ سەبارەت بەو بابەتە بە "وشە" دەڵێت، هەموو كاتێك یەكێتی كە بابەتێكی بەدڵ نییە یان دۆخی ناوخۆیی خراپە، دەستبەجێ پارتی بەهانایەوە دەڕوات و هەموو داوا و پێویستییەكی بۆ جێبەجێ دەكا و هەموو پرۆسە سیاسییەكان بە ئاسایی و سروشتی دەبینێت، بەڵام بەداخەوە یەكێتی هیچ كات بەرانبەر بە پارتی وا نییە و هەر بابەتێك لەنێوان هەردوولادا هەبێت كە پارتی رەخنە و تێبینی لەسەر هەبێت، یەكێتی راستەوخۆ پەلاماری پارتی دەدا و دەستی تۆمەتی بۆ درێژ دەكات.

روونی كردەوە، هەموومان بیرمانە كە لەكاتی نەخۆشی مام جەلالدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی سیاسیی ئەو حزبە، سەرۆك بارزانی دووجار سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كرد، بۆ ئەوەی بەرەو هەڵدێر و رووخان نەچێت و دەستیان بگرێت و رێنوێنییان بكات، تا هەستانەوە و بكەونەوە سەر سكەی سیاسیی خۆیان، هیچ كاتیش لە ساتەوەختی ئاڵۆز و سەختدا دەستی لە یەكێتی بەرنەداوە، هەمیشە وەك هاوبەشێك تەماشای كردووە و پێی وابووە كە یەكێتی تاكە هاوبەش و هاوسۆزە بۆ پارتی.

"یەكێتی هەر لە ساڵی 2009وە و دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان كار بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەكات، چونكە لەوكاتەوە بەرەو چوونەوەیەك و پووكانەوە دەڕوات، یەكێتی حزبێكی لەسەر بنەمای سڕینەوەی بەرانبەرەكانی دروست بووە، وەك چۆن شەڕی ناوخۆ و دەستەویەخەی و بەرانبەر بە هەموو حزبەكان كردووە، ئاواش هەر لە دامەزراندنیەوە تا ئێستەش بەرانبەر بە پارتی مامەڵە دەكات، بۆیە لە هەر پرۆسەیەكدا یەكێتی كار بۆ ملشكاندن و سڕینەوەی پارتی كردووە، بەڵام پارتی بەرانبەر بە یەكێتی كاری بۆ سیاسەت و پرۆسەیەكی دیموكراسییانەی بێخەوش كردووە"، د. رێبین سەلام وای گوت.

هەر لەمبارەیەوە دیاری فەریق، نووسەر و چاودێری سیاسی بە" وشە"ی گوت، یەكێتی حزبێكە هەر لە بنەڕەتەوە حەزی بە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی و  ئازادی رادەربڕین و رەخنەوە و بیروڕای بەرانبەر نییە، لەسەر بنەمای یەكترسڕینەوە و راماڵینی بەرانبەر و حزب و لایەنەكانی تر دروست بووە، بۆیە پێی ئاساییە پەلاماری هەموو كەسێك بدات بە پارتیشەوە، كە دۆست و هاوبەشیەتی لە كوردستان.

ئاماژەی كرد، یەكێتی چەندین ساڵە لەدوای راپەڕینەوە لە هەڵبژاردن تۆقیووە و هەموو كات كۆسپ و لەمپەر بووە لەبەردەم هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان، ئێستەش دەستی لەگەڵ ناحەزانی كوردستان تێكەڵ كردووە و دژی هەرێم و بە دڵی خۆیان دەستكاری یاسا و كورسی و دەنگەكانیان كردووە، بۆیە پێی خۆشە كە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەگەر نا هیچ كات لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەبووە و رۆژ بەڕۆژ دەنگ و كورسییەكانی كەمی كردووە، ئێستەش كە پارتی چەند رەخنە و تێبینییەكی لەسەر هەڵبژاردن خستووەتە روو، دەستبەجێ یەكێتی پەلاماری دەدات و بە قسەی پووچ دەیەوێ بڕوا بەخەڵكی بێنێت كە پارتی ترسی لە هەڵبژاردن هەیە، بەڵام هەموو دنیا دەزانێت كە پارتی ترسی نییە و هەمیشە لە كوردستان حزبی یەكەم و دایك بووە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت