سوودانیش نەیتوانی لایەنەكانی كەركووك ڕێكبخات.. دۆخی كەركووك بەچەقبەستوویی ماوەتەوە

:: AM:10:04:25/03/2024 ‌
ئەندامێكی فراكسیۆنی عەرەبیی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕای گەیاند، دۆخی كەركووك هێشتا ئاڵۆزە و دەستپێشخەرییەكانی محەمەد شیاع سوودانی، نەبووەتە هۆی چارەسەركردنی قەیرانەكە، سەرۆكی لیستی پارتیش دەڵێت، رێككەوتنی لایەنەكان درێژە دەكێشێت و كاتی دەوێت.

محەمەد ئیبراهیم ئەندامی فراكسیۆنی عەرەبیی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕاگەیاندووە، هەموو لایەن ‌و پێكهاتەكان لەسەر هەڵوێستی خۆیان سوورن، بەشێوەیەك پێكهاتەی كوردی دووپات لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دەكەنەوە و دەڵێن ئەوان زۆرینەن، بەڵام ناتوانن لەڕێی دەنگدان لەناو ئەنجوومەنی پارێزگار پۆستەكە بەدەست بهێنن، بەوپێیەی نۆ كورسییان پێ كۆ ناكرێتەوە.

محەمەد ئیبراهیم دەڵێت، بەرژەوەندیی كەركووك لەوەدایە پارێزگاری ئێستە لە پۆستەكەیەدا بمێنێتەوە لە پێناو سەقامگیری ‌و بەردەوامیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، وەك پێكهاتەكانی تریش بەشداریی لە پۆستە سەرەكییەكانی تردا بكەن.

ئاشكراشی كردوە، كۆبوونەوەی تریش هەن كە لە ژێر چاودێریی سەرۆكی حكوومەتدا ئەنجام دەدرێن، بۆ لێكنزیككردنەوەی دیدگەكان ‌و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەی پێكهێنانی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگاكە كە دەبێت بەخێرایی یەكلا بكرێنەوە، چونكە ئەو دۆخەی ماوەتەوە بەبێ پێكهێنانی حكوومەت، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكدا نییە.

لەمبارەیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕای گەیاند، لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی شاری كەركووك، هەریەكەیان داواكاریی خۆی هەیە، كەسیش سازش لەسەر داواكارییەكانی خۆی ناكات.

حەسەن مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنەكاندا تێپەڕیوە، تا ئێستە حكوومەتی خۆجێی كەركووك دانەنراوە و هەڵنەبژێراوە. ئەم بابەتە چاوەڕوانكراو بوو، چونكە شاری كەركووك پێكهاتەكەی فرەنەتەوە و فرە پێكهاتەیە، ئەمەش یەكێكە لە هۆكانی دواكەوتنی پێكنەهێنانی حكوومەتی خۆجێی كەركووك.

بەگوتەی ئەو، "هەموو لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن هەریەكەیان داواكاریی خۆی هەیە، كەسیش سازش لەسەر داواكارییەكانی خۆی ناكات و دەیەوێت زۆرترین دەستكەوت بەدەست بهێنێت. ئەمەش وایكردووە كە نەتوانین بگەینە ئەنجامێك، هەرچەندە كۆمەڵێك خاڵی هاوبەشی زۆر لەناو پێكهاتەكانی لایەنە براوەكانی شارەكەدا هەن".

بەهۆی كەمیی كورسیی هێزەكان، هیچ لایەنێك و نەتەوەیەك ناتوانێت بەتەنیا ئیدارەی شارەكە بەڕێوە ببات، دەبێت هەر بە هاوبەشی بگەنە ئەنجامێك كە جێی ڕەزامەندیی سەرجەم پێكهاتەكانی لایەنە سیاسییەكان بێت.




وشە - سۆران عەزیز