خوێندكاران: سەرۆكی حكوومەت ئەركی سەر شانی سووك كردین

:: PM:08:26:28/03/2024 ‌

یەكێكی تر لە بڕیارەكانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كەمكردنەوەی نرخی خوێندنی پارالێل بوو بۆ ئەو خوێندكارانەی لە زانكۆ و پەیمانەگانی ئێواران دەخوێنن، ئەوەش لە بەرژەوەندیی خوێندكاران و كەمكردنەوەی ئەركی سەر شانی كەسوكاریانە، كە بەوهۆیەوە دەیان هەزار خوێندكار لەو بڕیارە سوودمەند دەبن، خوێندكاران دووپاتی دەكەنەوە كە سەرۆكی حكوومەت توانی خزمەتێكی گەورە بە خوێندكاران بكات و ئەركی سەر شانیان سووك بكات.

هەرچەندە لە ماوەی رابردوو چەندینجار حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی خوێندنی باڵاوە كەمكردنەوەی بەشێكی كرێی خوێندنی پارالێلی راگەیاند، بەڵام جارێكی تر سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەرژەوەندیی خوێندكار و كەسوكاریان بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ی كرێی خوێندنی پارالێلی بۆ ئەوان دەركرد.

محەمەد عەلی، خوێندكارێكی بەشی كارگێڕییە بە "وشە"ی گوت، كرێی خوێندنم ساڵی رابردوو 550 هەزار دینار بوو، ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی حكوومەتی هەرێم چەندینجار داشكاندن و لێخۆشبوونی دەركردووە، بۆ بەشێك لە كرێی خوێندن بووەتە 150 هەزار دینار، بەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت كە رۆژی رابردوو دای ئەمساڵ كرێی ساڵانە دەبێتە 150 هەزار دینار، واتە بەراورد بە ساڵی رابردوو 400 هەزار دینار داشكاندنم بۆ كراوە.

زیاتر گوتیشی، ئەوە پارەیەكی زۆر باشە بۆ خەڵك دەگەڕێتەوە و دەتوانرێت لە شوێنێكی تر سوودی لێ وەربگرێت، خوێندكار هەیە ناتوانێت ئەو بڕە زۆر بدات، كەمدەرامەتە و ناچاریشە خوێندنەكەی تەواو بكات، بە گشتی سەرۆكی حكوومەت توانی خزمەتێكی گەورە بە خوێندكاران بكات و ئەركی سەر شانی خۆیان و كەسوكاریان ئاسان بكات، خوێندكار هەیە خۆی كار دەكات بۆ ئەوەی ئەو پارە بدات، خاوەن خێزان و منداڵە و هەیە كرێچیشە.

لە هەرێمی كوردستان دەیان هەزار خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگە حكوومییەكان لە ئێواران بە پارە دەخوێنن و نرخی هەر بەشێكیش جیاوازە، بەشە زانستییەكانیش نرخەكانیان جیاوازترە و زۆرتریشە، بەش هەیە كرێی ساڵانەی سەرو دوو بۆ سێ ملیۆن دینارە، بۆیە دوای ئەو داشكاندنە ئەوانەی لەو بەشانە دەخوێنن دەتوانن ساڵانە پارەیەكی كەمتر بدەن بۆ خوێندنەكەیان.

هەر پێوەست بەو بابەتە نازدار جەمیل، خوێندكارێكی ترە بە "وشە"ی راگەیاند، كەمكردنەوەی بەشێكی تری كرێی خوێندنی ئەو خوێنكارانەی بە پارە دەخوێنن، بووەتە بابەتێكی گەرمی ناو خوێندكاران، چونكە ئەو جۆرە بڕیارانە بە دەیان هەزار خوێندكار لە هەرێمی كوردستان سوودی لێ وەردەگرن، گەڕانەوە بەشێكی ئەو پارەیە یان دانی پارەیەكی كەمتر بە هەموو شێوەیەك ئەركی سەر شانی خەڵك سووك دەكا و خزمەتێكی گەورەش دەكات، حكوومەت لە ماوەی رابردوو چەندین بڕیاری گرنگی دەركردووە و بەهۆیەوە زۆرترین خەڵك لێی سوودمەند بوون.

لای خۆیەوە عومەر ئەحمەد، مامۆستای زانكۆ بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەهۆی بڕیارەكەی سەرۆكی حكوومەت، خوێندكارێكی زۆر لێی سوودمەند دەبن، سوودمەندبوونەكەش راستەوخۆیە و پارەی ساڵانەی خوێندنیان بۆ دادەشكێندرێت، بە گشتی ئەو بڕیارنەی حكوومەت بۆ خوێندكاران گەورەترین خزمەتە بەو توێژە، چونكە ئەوان پێویستییان بە هاوكاری و دەستگرتن هەیە.

پێویستە ئەوە بگوترێت لە ماوەی رابردوو لە كابینەی نۆ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم چەندینجار و لە چەندین بواری جیاواز كارئاسانیی بۆ هاووڵاتییان كردووە، لەوانەش لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو و كارەبا و هاتوچۆ، هەروەها راگرتنی گەڕانەوە پێشینەكانی هاوسەرگیری و نیشتەجێبوون، ساڵانەش چەندینجار كرێی خوێندنی پارالێل كەم كراوەتەوە، بڕیارەكانیش تەواوی خەڵكی هەرێمی كوردستان لێی سوودمەند بوون.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل