پشووی رۆژی دووشەم هەموو فەرمانبەران دەگرێتەوە یا تایبەتە بە فەرمانبەرانی ئاشووری؟

:: PM:08:39:29/03/2024 ‌
هەرچەندە لە رۆژژمێری فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە یەكلاكراوەتەوە كە رۆژی یەكی نیسانی هەموو ساڵێك پشووی فەرمییە بەبۆنەی سەری ساڵی ئاشوورییەكانەوە، بەڵام وردەكاری زیاتر لەبارەی پشووەكە رانەگەیەنراوە و ساڵانی رابردوویش بەهۆی ئەوەی یەكی نیسان كەوتبووە رۆژی شەموو یا هەینی، روون نەبووە كە ئایا پشووەكە بۆ تەواوی فەرمانبەرانە یا تەنیا فەرمانبەرانی  ئاشووری دەگرێتەوە. 

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" بۆ بەرچاوروونی زیاتر لەبارەی پشووەكە، لە ساڵی 2018دا رۆژی یەكی نیسان كەوتە یەكشەم و تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ئاشووریی لە هەرێمی كوردستان كرایە پشووی فەرمی. 

لای خۆشییەوە، ئەمڕۆ هەینی 29ی ئاداری 2024، خالید جەمال بەڕێوەبەری گشتی كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی بڕیارێكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 1992دا، كە بەبڕیاری ژمارە 48 دەرچووە لەبارەی پشووەكانی فەرمانبەرانی ئاشووری، رۆژی یەكی نیسانی هەموو ساڵێك، تەنیا بۆ فەرمانبەرانی ئاشووری پشووی فەرمی دەبێت. 

جەژنی ئەكیتۆ، جەژنێكی كۆنی مەسیحییەكانە و بریتییە لە جەژنی (قیامە) و سەرەتای ساڵی بابلی، هەموو ساڵێك مەسیحیەكانی كوردستان و عێراق لەو رۆژەدا جەژن و ئاهەنگ دەگێرن.




وشە - پۆڵا مەحموود