كەناڵی جەزیرە: دەیان مووشەك لە لبنانەوە هەڵدران

:: PM:08:18:12/04/2024 ‌

كەناڵی جەزیرە لە زاری پەیامنێرەكەیەوە لە لبنان گواستییەوە كە دەیان مووشەك لە باشووری لبنانەوە بەئاراستەی بەرزاییەكانی جۆلان و زەوییەكانی فەلەستین و باكوری ئیسرائیل تەقێنراون و حزبوڵای لبنانیش بەرپرسیاریەتی هێرشەكەی گرتە ئەستۆ. 

ئەمڕۆ هەینی 12ی نیسانی 2024، حزبوڵای لبنانی رای گەیاند كە بە دەیان مووشەك پێگەی تۆپخانەكانی سوپای ئیسرائیلیان لە ناوچەی "زاعورا" كردووەتە ئامانج. 

لای خۆشییەوە ئاژانسی هەواڵی "كرادل"ی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی مووشەكەكان 50 مووشەكن و سكای نیوزی عەرەبیش لە زاری پەیامنێرەكەیەوە لە ئیسرائیل ئاماژەی داوە، سەرۆكایەتی سوپای ئیسرائیل پەیامێكی ئاراستەی گشت نەخۆشخانەكان كردووە و داوای لێكردوون لە ئامادەباشیدا بن بۆ ئەگەری هەر زیانێك لە ئەنجامی بۆردمانی ئێران. 

1ی نیسانی 2024، ئیسرائیل كونسوڵگەی ئێرانی لە دیمەشق بۆردمان كرد و بەهۆیەوە 16 كەس كوژران و سوپای پاسدارانیش لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، حەوت ئەندامی سوپاكەیان لەناو كوژراوەكانن و لەناویشیاندا دوو فەرماندەی پلە باڵای سوپاكە هەن.



وشە - پۆڵا مەحموود