ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتیانی دەكات بەپەلە ئێران جێبهێڵن

:: PM:11:26:12/04/2024 ‌
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە كە ئەڵمانیا داوا لە هاوونیشتمانیانی دەكات بەپەلە ئێران جێبهێڵن و هۆشداری پێدان لە مەترسی پەرەسەندنی گرژییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئیسرائیل و ئاگەداری كردنەوە لەوەی مەترسیی گرتنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە هەیە. 

ئەم داوایەی ئەڵمانیا هاوكاتە لەگەڵ داوای ستیڤان سیجۆرنێ، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا كە داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەكەی كرد كە گەشت بۆ هەر یەك لە وڵاتانی ئێران، ئیسرائیل، لبنان و خاكی فەلەستین نەكەن و هاوكات داوای لە ماڵبات و كەسوكاری دیپلۆماتكارەكانی كرد بەپەلە بگەڕێنەوە فڕەنسا. 

ئەمە لەكاتێكدا، وڵاتانی تریشی وەك رووسیا هانی هاووڵاتیانی خۆیان داوە و ئامۆژگاریان كردوون كە گەشت بۆ ئەو ناوچانە نەكەن كە دۆخی تەناهییان ناجێگیرە بەهۆی ئەم هەڕەشانەی ئێران. 

لای خۆشییەوە كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئەڵمانیی "لۆفتهانزا" دوێنێ پێنجشەم تەواوی گەشتە راستەوخۆ رۆژانەكانی لەگەڵ تاران هەڵوەشاندەوە. 

جێگەی ئاماژەیە، بەپێی روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە ئەنجامی بۆردمانەكەی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق لانی كەم 16 كەس كوژراون و سوپای پاسدارانی ئێران رای گەیاند كە حەوت ئەندامی سوپاكەیان لە ئەنجامی هێرشەكەدا كوژراون و لە ناویشیاندا دوو فەرماندەی گەورەی سوپاكە هەن و بەڵێنی تۆڵەكردنەوەیش لەلایەن ئێرانەوە دراوە بە هێرش كردنە سەر ئیسرائیل.


وشە - پۆڵا مەحموود