بەرپرسێكی پارتی دوایین هەڵوێستی حزبەكەی سەبارەت بە هەڵبژاردن ئاشكرا دەكات

:: PM:08:51:15/04/2024 ‌

بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت كە هێشتا حزبەكەی سوورە لەسەر بڕیاری خۆی و بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات، دووپاتی كردەوە كە هاوكات هیچ رێككەوتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتی یان هیچ لایەنێكی عێراقی نییە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

بەرپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان، كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا پارتی لەسەر بڕیاری خۆی بە بەشدارینەكردن لە هەڵبژاردن سوورە، هیچ پێوەندییەكیشی بە كۆمسیۆنەوە نەكردووە بۆ تاوتوێكردنی ناوی كاندید و لیستی پارتەكان و بابەتی تر.

روونی كردەوە، بۆیە ئەو دەنگۆیانەی باسی بوونی رێككەوتن لە نێوان پارتی و یەكێتی یان  لایەنێكی عێراقی بۆ دواخستن یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە وادەی خۆی، دوورن لە راستییەوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی كرد، پارتی ناچێتە ناو هەڵبژاردنێكەوە كە پێشوەختە لەلایەن نەیارانی كوردستانەوە دیزاین و سیناریۆی بۆ داڕێژرابێت، بەڵكو پارتی بەرگری لەو پرۆسە سیاسییە دەكات و پێی وایە هەڵبژاردن مافی خەڵكی كوردستانەوە كەس بۆی نییە دەستوەردانی تیادا بكات.

شایەنی باسە پێشتر سەرۆكایەتیی هەرێم 10ی حوزەیرانی ئەمساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، بەڵام بەهۆی بڕیارە سیاسی و نادەستوورییەكانی دادگای فیدراڵیی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان پێوەست بە مووچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پارتی هەڵوێستێكی توندی راگەیاند، بەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنێكی بەو شێوەیە ناكات، بۆیە بابەتی مووچە چارەسەر كرا و چاوەڕوان دەكرێت بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش بەو شێوەی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە چارەسەر بكرێت.

وشە/ ئاسان محەمەد



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل