نرخی ئارد لە بازاڕ هەرزان دەبێت و بازرگانیی هەرێم هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات

:: PM:09:16:15/04/2024 ‌

نرخی هەر سێ جۆرەكەی ئارد، بەتایبەتی ئاردی بازرگانی، لە بازاڕەكان هەرزان بووە، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات و باس لەوە دەكات كە هەرزانبوونی نرخی ئارد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بەشەئاردی مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەش دەكرێ و ئێستە ئاردێكی زۆر لە بازاڕدا هەیە.

لە ماوەی ساڵی رابردوو نرخی هەر سێ جۆرەكەی ئارد، واتە ئاردی توركی و رووسی و بەشەخۆراك گران بوو، بە جۆرێك نرخی دوو جۆرە بازرگانییەكەی لە بازاڕ گەیشتە سەرو 36 هەزار دینار بۆ كیسێك، لەوكاتەی نرخی ئاردی بەشەخۆراك لە نزیكی 30 هەزار دینار بوو، كەچی ئێستە نرخی ئارد بەگشتی تا ئاستێكی باش هەرزان بووە، ئەوەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندایە.

نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری هەرزانبوونی نرخی ئارد لە بازاڕەكان ئەوەیە كە دووەم بەشەئارد بەسەر هاووڵاتییان دابەش كراوە و سێیەم بەشی ئەمساڵ لەم هەفتەیەدا دابەش دەكرێت، ئەوەش وا دەكات ئاردێكی زۆر لە بازاڕدا هەبێت و خستنەڕوو لە خواست زیاتر بێت، بەو هۆیەوەش نرخی ئارد هەزران دەبێت.

باسی لەوەش كرد، ئێستە بەرەو وەرزی هاوین دەچین و گەنمی جووتیاران پێ دەگا و كەشوهەوا گەرم دەبێت، ئاردیش لە وەرزی هاوین و گەرمادا خراپ دەبێت، بۆیە نرخەكەی هەرزان دەبێت، تا لە بازاڕدا نەمێنێتەوە و نەبێتە زیان بۆ كۆگا و بازرگانان، بە نرخێكی هەرزانتر دەفرۆشرێت و وەرزی دروێنەش لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەستی پێ كردووە.

"هەموو ئەوانە هۆكارن، جگە لەوەش حكوومەتی عێراق لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە گەنمی ئوسترالی و كەنەدی هێناوە و بە نرخێكی پاڵپشتیكراو دەیداتە خاوەن ئاشەكان و ئەوان ئاردی سفر بەرهەم دێنن و بە نرخێكی كەمتر لەوەی هەیە دەفرۆشرێت، ئەوەش لەژێر چاودێریی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و ئەوە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ دابەزینی نرخی ئارد"، نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم وای گوت.

دووپاتی كردەوە، نرخی ئاردی بازرگانی لە جۆری توركی، كە ئاردێكی باوە و لە بازاڕ فڕن و نانەوا و سەمونخانەكان بەكاری دێنن، لە دەوروبەری 35 هەزار دیناردایە، هەروەها جۆری رووسی لە خوار 30 هەزار دینارەوەیە، بەشەخۆراكیش لە 16 بۆ 17 هەزار دینارە، ئەو هەرزانبوونەش بەتەواوی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانە، چونكە هەرچەند ئارد هەرزان بێت بازاڕ زیاتر سەقامگیر دەبێت، بەتایبەتی نان و سەموون.

لای خۆیەوە ئەكرەم عەلی، بریكاری ئارد بە "وشە"ی گوت، ئاردێكی زۆر لە بازاڕدایە و بەردەوام ئارد لە بەشەخۆراك دابەش دەكرێت، بۆیە بەو هۆیەوە ئاردێكی زۆر دەكەوێتە بازاڕەوە و بەشێك لە خەڵكیش ئاردەكە دەفرۆشنەوە، بۆیە خستنەڕوویەكی زۆرتر هەیە لەوەی خواست هەبێت، دووپاتی كردەوە، بوونی ئاردێكی زۆری بەشەخۆراك كاریگەری لەسەر نرخی ئاردی بازرگانی هەبووە و ئەوانیش هەرزان بوون، بۆیە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو لە دوای شەڕی ئۆكرانیا ئارد بەو شێوەیە هەرزان نەبووە.

روونی كردەوە، كاتێك ئارد لە بەشەخۆراك دابەش دەكرێت، خەڵكێكی زۆر ئاردەكەیان لە بازاڕ دەفرۆشنەوە، چونكە بەكاری ناهێنن، هەروەها ئەوانەشی ئارد بەكاردێنن پێویستییان بە ئاردی بازرگانی نابێت، ئەوەش وا دەكات نرخی هەرزان بێت، لە هاوینیشدا ئارد نرخەكە جیاوازە لە وەرزی زستان.

هەر پێوەست بەو بابەتە ئوسامە حەسەن، خاوەنی نانەواخانەیە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەتا نرخی ئارد لە بازاڕدا هەرزان بێت، بۆ ئێمە و هاووڵاتییانیش باش دەبێت و هەموو هەرزانبوونێك لە بەرژەوەندیی خەڵكە، چونكە بەو هۆیەوە نرخی نان و سەموون دەچێتەوە قەبارەی رابردوو كە هەبوو، بەتایبەتی ئاردی بازرگانی، كە نانەوا و سەموونخانەكان ئاردی بازرگانی بەكاردێنن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل