وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، لە شەوی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە ئاسمانی هەولێرەوە مووشەكی بالیستیی ئێرانی تێكشكێنراوە و خراوەتە خوارەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 15ی نیسانی 2024، "پات رایدەر" گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا "پنتاگۆن" لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەمەریكا نایەوێت دۆخەكە ئاڵۆز بێت و گرژییەكان پەرە بسێنن، بەڵام هەموو رێوشوێنێكیش دەگرنە بەر بۆ پاراستنی ئیسرائیل.
رایدەر ئەوەیشی گوت، لەگەڵ تەواوی هاوپەیمانەكانمان لە پێوەندیداین و ناشمانەوێت بكەوینە ناو ململانێ لەگەڵ ئێراندا. ئاشكرایشی كرد، سەرەڕاى ئەوەی پێشتر ئێران لە هێرشەكەیدا بۆ سەر ئیسرائیل ئاگەداری نەكردبووینەوە، بەڵام "پنتاگۆن" زانیاریی لەبارەی هێرشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەبوو.
پێشتر و دوای تەواوبوونی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، ئیسرائیل رای گەیاند %99ی هێرشەكەی ئێران شكستی هێنا و بەشێكی زۆری مووشەك و درۆنەكانی ئێران پێش گەیشتنیان بە خاكی ئیسرائیل خراونەتە خوارەوە، لەمبارەوە گوتەبێژی پنتاگۆن ئاشكرای كرد كە شەوی هێرشەكە لە هەولێریش مووشەكی بالیستیی ئێران خراوەتە خوارەوە و شكستی پێ هێنراوە.